رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی بەنزین دەڵێت، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری، نرخی لیترێک بەنزینی بازرگانی نزیکەی 500 دینار دابەزاندووە، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر دەڵێت، "هیچ خواست لەسەر بەنزینی بازرگانی نەماوە و نرخی زیاتر دادەبەزێت".
دوو رۆژە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری کە پێیدەگوترێت بە "نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت" لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. بازرگانێکی بەنزین لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 16-08-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرزم هەیە بە کۆ لیتری بە 1050 دینار، هەمان بەنزین پێش سێ رۆژ لیتریمان بە 1525 دینار دەدا".
لە بەنزینخانەکان لیترێک بەنزین 50 بۆ 75 دیناری دەخرێتە سەر، ئەو بازرگانە گوتی: "هەر بەنزینخانەیەک ئەمڕۆ بەنزینی نۆرماڵی کڕی بێت، لیترێکی بە 1100 دینار دەدات".
لەبارەی بەنزینی موحەسەن و سوپەرەوە ئەو بازرگانە گوتی: "ئەمڕۆ لیتری بەنزینی موحەسەن بە 1400دینار و سوپەر بە 1600 دینارە".
پێشتر لیترێک بەنزینی موحەسەن بە 2250 دینار و سوپەر بە 2500 دینار بوو.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەو نرخەی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕدا هەیە و دابەزیوە کەس نایکڕێت و هیچ خواستێک لەسەر بەنزینی بازرگانی نەماوە، دابەشکردن بەردەوام بێت زۆر زیاتر دادەبەزێت".
سەرباز کەریم، کە هاوکات بازرگانی سووتەمەنییە گوتی: "ئەوانەی دەڵێن کواڵیتی ئەم بەنزینە خراپە شارەزانین، ئەگەرنا باشترین کواڵیتی هەیە و بەنزینی پاڵاوگەکانی کار و لانازە و ئۆکاتنی 92ـە، مەگەر بەنزیخانەکان خۆیان دەستکاری بکەن".
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر داوای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە "چاودێری وردی بەنزینخانەکان بکەن، بەنزینخانە ئەگەر بیەوێت دەتوانێت نەفتا تێکەڵی بەنزینەکە بکات، کە لیتری نەفتا 400 دینارە، ئەوەش کواڵیتی بەنزینەکە بە تەواوی خراپ دەکات".
سەرباز کەریم دەستخۆشی زۆر لە بڕیاری دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری دەکات و بە هەنگاوێکی زۆر باشی دەزانێت، بەڵام دەڵێت: "هەندێک بەنزینخانە هەن دوو کاژێر بەنزینە 750 دینارییەکە دەفرۆشن و ئەوی دیکە بە بازرگانی دەفرۆشنەوە، بەنزینخانەیەک کە تانکەرێک بەنزین وەردەگرێ 36 هەزار لیترە، بەشی بەیانی تاوەکو خۆرئاوابوون دەکات کە بەردەوام بەنزین بفرۆشێت، بۆیە زۆر گرنگە لایەنی پەیوەندیدار چاودێری وردی بەنزینخانەکان بکەن".
تاوەکو ئەمڕۆ لە سلێمانی نرخی بەنزینی بازرگانی دانەبەزیوە. لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان بە هەزار و 200 دینارە، موحەسەن لە بەنزینخانەکان بە هەزار و 750 دینارە و سوپەر بە هەزار و 900 دینارە. لە زۆرینەی بەنزینخانەکانی هەولێر، دهۆک لیترێک بەنزینی بازرگانی نۆرماڵ هێشتا بە زیاتر لە 1400 دینار دەفرۆشرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو کە لە بەرپرسانی نەوت و کانزاکان و قایمقامەکان وەریگرتوون، ئەمڕۆ زیاتر لە سێ ملیۆن و 400 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت. بەڕێوەبەرانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەڵێن: "ئێمە چاودێری بەنزینخانەکان دەکەین، نەوەکو کۆمپانیا.


