رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بازاڕی تاراندا، نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن 6,200 تمەن یان بە رێژەی 2.26% دابەزی و یەک دۆلار بە 267,700 تمەن مامەڵەی پێوەکرا.
لە 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین نرخی دۆلاری ئەمریکی 273,900 تمەن بووە و نزمترین نرخیش کە مامەڵەی پێوەکرابێت 267,700 تمەن بووە. بەهای دۆلار بەراورد بە هەفتەی پێشوو نزیکەی 1.54% دابەزینی بەخۆوە بینیوە؛ بەڵام لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا بە کۆی گشتی بە رێژەی 49.05% بەرزبووەتەوە.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە دابەزینی زیاتر لە 6000 تمەنی لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا دەریخست بازاڕی دراو بە شێوەیەکی دەستبەجێ کاردانەوەی بەرامبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەمریکا، واتە سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا پێشان داوە. ئەگەر ئەم کەشوهەوایە بە درێژایی مامەڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەش بەردەوام بێت و خواستی نوێ نەیەتە بازاڕەوە، دەکرێت نرخی دۆلار لە ئاستەکانی ئێستادا جێگیر بێت. لەم سیناریۆیەدا بەردەوامیی دابەزینی نرخی دۆلار بەستراوەتەوە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی روونتر لەبارەی رێڕەوی دیپلۆماسی یاخود کەمبوونەوەی زیاتری خواستی خۆپارێزی.
لە بەرامبەردا، ئەگەر بازرگانان گۆڕانکاری لە کۆنگرێسدا بە بەس نەزانن بۆ گۆڕینی دەستبەجێی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر تاران، یاخود هەواڵی نوێ لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکان بڵاوببێتەوە، ئەگەری پاشەکشەی بەشێک لە دابەزینەکەی ئەمڕۆ لەئارادایە. لەو حاڵەتەشدا، دۆلار دەتوانێت جارێکی دیکە بەرەو کەناڵی 270 هەزار تمەن هەڵبکشێتەوە.




