رووداو - دیجیتاڵ تاوەکو مانگی ئایاری ئەمساڵ، بڕی قەرزی کارەبای نیشتمانی لای هاونیشتمانیانی سنووری ئیدارەی گەرمیان گەیشتووەتە زیاتر لە 94 ملیار دینار. گوتەبێژی کارەبای ناوچەکەش دەڵێت، بڕیاری داشکاندنی 50٪ـی قەرزەکان بەردەوامە و خەڵکێکی زۆر بەدەم بڕیارەکەوە چوون. ئاڵان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ، بڕی 94 ملیار و 521 ملیۆن و 771 هەزار دینار قەرزی کارەبا لای هاوبەشانی کارەبایە لە گەرمیان." سەبارەت بە بڕیاری داشکاندنی قەرزەکان، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، وەک هەموو ناوچەکانی دیکە بڕیارەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و گوتی: "بەدەمەوەهاتنی هاونیشتمانیان بۆ پرۆسەکە زۆر باشە. ئەم بڕیارە تاوەکو 10ی ئەیلوولی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا وادەکە درێژ دەکرێتەوە یاخود نا." بەگوتەی ئاڵان ئەرکان، رۆژانە خەڵکی قەزاو ناحییەکان لە رێگەی (E پسوڵە)لە ناوەندەکانی وەرگرتنی پارە، هاوبەشان قەرزەکانیان دەدەنەوە، ئەوە جگە لەوەی دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاینیشەوە پارەی قەرزەکە بدەنەوە. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە قەرزی کۆنی کارەبا (ئەو قەرزانەی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی و پێوەری زیرەک هەن) بەڕێژەی 50٪ دابشکێنرێت، بەو مەرجەی هاونیشتمانیان لەو ماوەیەی دیاریکراوە هەموو بڕە پارە ماوەکەی دیکە بدەنەوە.
ئابووری12-08-2026وەزیری سامانە سرووشتییەکان لەبارەی کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان وەڵامی عێراق دەداتەوە