رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پشکی ئێستای هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ "دادپەروەرانە نییە" و دەبێت بڕەکە بۆ زیاتر لە دوو بەرامبەر زیاد بکرێت، ئامادەیی هەولێریشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا نیشاندا بەو مەرجەی سووتەمەنی بەپێی رێژەی دانیشتووان و بە "نرخی پاڵپشتیکراو" دابین بکرێت.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، روونکردنەوەیەکی لە وەڵامی لێدوانەکانی باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق بڵاوکردەوە. وەزیری نەوتی عێراق پێشتر گوتبووی، ئامادەن بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن، ئەگەر هەولێر رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات.
لە روونکردنەوەکەی وەزیری سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە: "بە هەموو پێوەرەکان بەشی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، زیاتر لە دوو بەرامبەری ئەم بڕەی ئێستایە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە دیاریکردنی 50 هەزار بەرمیل تەنیا ئەنجامی رێککەوتنێکی کاتی بووە و "بە خواست و ویستی هەرێمی کوردستان نەبووە."
کەمال محەممەد جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و رایگەیاندووە: "ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئامادە بێت گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو و بەپێی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوا بە رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکان ئامادەی دانوستانین."
هەر لە روونکردنەوەکەدا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان ستایشی هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەی کردووە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا داکۆکی لە مافەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوای زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو دەکەن بۆ ئەوەی هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دادپەروەری لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا هەبێت.


