رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی (هەژماری من) داوا لە مووچەخۆران دەکات پەلە بکەن لە خۆتۆمارکردن و وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیان. بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای 31ـی ئابەوە چیدیکە مووچە بە شێوەی نەختینە دابەش ناکرێ.
لە راگەیێندراوێکدا، پڕۆژەی (هەژماری من) هۆشداری دەدات، پێویستە سەرجەم مووچەخۆران لە پڕۆژەکەدا خۆیان تۆمار بکەن، چونکە مووچە بەشێوەی نەختینە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رادەگیرێ و دابەش ناکرێ.
بۆ پاراستنی مووچەکانیان لە راگیران، پڕۆژەکە هانی مووچەخۆران دەدات پێش کۆتایی ئەم مانگە کارتەکانیان وەربگرنەوە.
سەبارەت بە ئامارەکانی پڕۆژەکە، (هەژماری من) ئەم زانیارییانەی خستووەتەڕوو:
- ئێستا نزیکەی 150 هەزار کارت ماون کە لەلایەن مووچەخۆرانەوە وەربگیرێنەوە.
- 80 هەزار کارت ئامادەن بۆ ئەوەی لە بانکە حکومییەکان وەربگیرێنەوە.
- نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون کە لە رێگەی پڕۆژەکەوە لە بانکەکان تۆمار بکرێن.
ئاگادارکردنەوە لە رێگەی کورتەنامەوە
پڕۆژەی (هەژماری من) داوا لە مووچەخۆران دەکات ئاگاداری مۆبایلەکانیان بن، چونکە لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە کاتێک کارتەکانیان ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنەوە. لە کورتەنامەکەدا ئاماژە بە ناوی ئەو بانکە دەکرێ کە پێویستە کارتەکەی لێ وەربگیرێتەوە.
هەژماری من رایگەیاند، ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا کورتەنامەیان پێ نەگەیشتووە، پێویستە چاوەڕێ بن، چونکە لە سێ هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەی (هەژماری من) نامەیان بۆ دەنێرێ. هەروەها بۆ هەر زانیارییەکی زیاتر، مووچەخۆران دەتوانن پەیوەندی بە ناوەندی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکەوە بکەن لەرێگەی ژمارە 1991.



