رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی زێڕ رووی لە بەرزییە، بەهای دیناریش دادەبەزێت، بۆ زێڕ زێڕنگران داوا دەکەن " خەڵک هۆشیار بێ بۆ مامەڵە لەگەڵ زێڕ"، بۆ نرخی دیناریش نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێن:" دینار زیاتر دادەبەزێت .''
رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، زانا وەرتی، زێڕنگر لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە بە ملیۆنێک و 70 هەزار دینارە، عەیار 21 دەگاتە 940 هەزار دینار و عەیار 18یش بە 803 هەزار دینارە، لە ماوەی 48 کاژێردا مسقالێک زێڕ 10 هەزار دینار بەرزبووەتەوە .
لەبارەی پێشنینیی بۆ نرخی زێڕ ئەو زێڕنگرە دەڵێت:" پێشبینییەکان بۆ کورت مەودا و درێژمەودا لە بەرزبوونەوەن، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵک زیان نەکات، دەبێ هۆشیار بێ بۆ مامەڵە لەگەڵ زێڕ.''
خواست لەسەر زیو لە هەرێمی کوردستان کەمبووە و خستنەڕوو زۆرترە، لەبەرئەوە نرخەکەی دابەزی، زانا وەرتی دەڵێت:" کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهان بە دوو هەزار و 71 دۆلار بوو بەڵام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 10 دۆلار کەمتر بوو، چونکە خواست کەم و خستنەڕوو زۆرە، ئەم نرخانەی زیو بەبێ کرێی گواستنەوە و ژمارەیەک خەرجی دیکەن، بە گشتی نزیکەی 100 دۆلار دەچێتە سەر نرخی هەر کیلۆگرام زیو''.
ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر: دینار زیاتر دادەبەزێ
بەراورد بە رۆژانی رابردوو، بەهای دینار دابەزی، 100 دۆلار بەرامبەرە بە 153 هەزار و 500 دینار، غازی سەعدی، ئەندامی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی شاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێک لە هەرێمی کوردستان بە 153 هەزار بۆ 153 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە؛ دەشڵێت، جیاوازی کڕین و فرۆشتن لە 50 دینار بۆ 350 دینار بووە. ''
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، بەراورد بە هەفتەی رابردوو هەر 100 دۆلار نزیکەی هەزار دیناری چووەتە سەر، پێشبینیش دەکرێت بەهای دینار زیاتر دابەزێت . ''
جەنگی ئێران کاریگەری گەورەی لەسەر نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان هەیە. هەردوولا لە دانوستاندندان بەڵام دیار نییە رێکدەکەون یان نا.



