رووداو دیجیتاڵ
د. غەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداودا دەڵێ: "هەرکات حکومەتی عێراق پشکی سووتەمەنی هەرێمی کوردستان زیاد بکات، بازاڕ وەڵام دەداتەوە و نرخەکەی هەرزان دەبێت."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کەی کێشەی بەنزین چارەسەر دەبێت و هۆکاری سەرەکی کێشەکە چییە؟ هۆستانی ئاماژەی بەوە کرد، قەیرانەکە گشتگیرە و پەیوەندی بە ناجێگیریی نرخە جیهانییەکانەوە هەیە.
د. غەزال هۆستانی گوتیشی، عێراق بودجەی تایبەتی بۆ هاوردەکردنی بەنزین هەیە، بەڵام هیچ بڕێکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرخان نەکراوە، لە کاتێکدا ئەگەر بەغدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دابین بکات، دەتوانرێ بەنزین بە 450 دینار دابەش بکرێ.
سەبارەت بەوەی لە عێراقەوە چەند بەنزین دێت و چەند زیاد بکرێ، کێشەکە نامێنێت، هۆستانی روونی کردەوە داوایان لە بەغدا کردووە پشکی نەوتی خاوی ناوخۆ بۆ پاڵاوگەکان لە 50 هەزارەوە بۆ 130 تاوەکو 140 هەزار بەرمیل زیاد بکات، بەڵام بەغدا وەڵامی نییە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی جگە لە بەنزین سووتەمەنیی دیکەش گران بووە، د. غەزال باسی لەوە کرد کە قەیرانی سووتەمەنی قەیرانێکی جیهانییە و لە هەموو شوێنێک نرخ ناجێگیرە.
هۆستانی رایگەیاند، حکومەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دابەزاندنی نرخ و ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان دەکات تاوەکو بەنزینی ستاندارد هاوردە بکەن؛ هاوکات ئەو دەنگۆیانەیشی رەتکردنەوە کە گوایە بەنزینی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکرێ.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە کەی کێشەی بەنزین چارەسەر دەبێت و ئایا بەڵێن بە خەڵک دەدەن نرخ دابەزێ؟ هۆستانی ئاماژەی بەوە کرد :"ئەگەر بەغدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دابین بکات، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەنزین بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێک دابەش بکات". گوتیشی، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک 16 دۆلارە و ئەگەر حکومەتی فیدراڵ بیگرێتە ئەستۆ، ئەوا نرخ بۆ 450 دینار دادەبەزێ."

.jpg&w=3840&q=75)
