رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، بۆ سێیەمین رۆژ لەسەریەک نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە بەرزترین ئاستی زیاتر لە دوو مانگی رابردوو. لە هەمان کاتدا وەبەرهێنەران بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ئامارە نوێیەکانی هەڵئاوسانن لە ئەمریکا، بۆ ئەوەی بزانن ئایا رێژەی سوودی بانکی زیاد دەکرێت یان نا.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕ لە کۆمپانیای (IG) دەڵێت، هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ترسی هەندێک کەس کە پێشتر لە کاتی دابەزینی نرخ بۆ 4,000 دۆلار نەیانتوانیبوو زێڕ بکڕن، هەروەها گەڕانەوەی وەبەرهێنەران بۆ کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام لە کاتی قەیرانەکاندا. ئەو پێشبینی دەکات لە داهاتوودا نرخی زێڕ بگاتە 5,000 دۆلار.
چاوەڕوانیی ئامارەکانی ئەمریکا
بڕیارە رۆژی چوارشەممە راپۆرتی نرخی بەکاربەر (هەڵئاوسان) لە ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش داتاکانی پەیوست بە نرخی بەرهەمهێنەران رابگەیێندرێن. ئەم دوو راپۆرتە بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسەتی دارایی ئەمریکا دەدەن.
هەفتەی رابردوو دەرکەوت کە رەوشی دامەزراندن و کار لە ئەمریکا لاواز بووە، ئەمەش وایکرد بازاڕەکان پێشبینی بکەن کە (یەدەگی فیدڕالیی ئەمریکا) مانگی داهاتوو رێژەی سوود زیاد نەکات. لە کۆبوونەوەی مانگی تەممووزیشدا، بانکی ناوەندی رێژەی سوودی وەک خۆی هێشتەوە، هەرچەندە سێ بەرپرس داوای زیادکردنیان دەکرد.
شارەزایان دەڵێن، کاتێک رێژەی سوودی بانکی کەم بێت، خەڵک زیاتر روو لە کڕینی زێڕ دەکەن چونکە زێڕ قازانجی بانکیی لێ وەرناگیرێت.
گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران کاریگەرییان هەیە
لە رووی سیاسییەوە، مەرجە قورسەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی، وایان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە ئەویش داواکاریی خۆی بخاتەڕوو. ترەمپ داوای کرد ئێران قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە لە شەڕ، هێرش و خۆپێشاندانەکاندا کوژراون. ئەم شەڕە قسەیە و هەڕەشەکان، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و رەنگە رێگری لە کردنەوەی تەنگەی هورمز بکات، کە ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکان هەیە.



