رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی سپی کە بە نەوتی ماڵان دەناسرێ و لە وەرزی سەرمادا خواستی لەسەرە، پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ لە وەرزی هاویندا نرخی بەرزبووەتەوە و بەراورد بە هەمان کاتی پار، نرخەکە دوو بەرامبەرە.
کۆرش گۆران، فرۆشیاری نەوت لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ 10ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوت دەدەینە 250 هەزار دینار".
ئەو کاسبکارەی هەڵەبجە گوتی: "نەوت لە سەرچاوەکەیەوە گران بووە. پار ئەم کاتە بەرمیلێک نەوتمان دەدایە 120 هەزار دینار و ئێستا لە هەموو شوێنێک نرخەکە بەرزبووەتەوە".
بازرگانێکی سووتەمەنی لە مەیدانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ 10ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی بە کۆ ئەمڕۆ بە 230 هەزار دینار فرۆشرا، بە نزیکەی 240 بۆ 250 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان".
هاوینی پار، بەرمیلێک نەوتی سپی بە 107 هەزار دینار بوو، نرخەکە لە دەستپکی وەرزی سەرمادا گەیشتە 200 هەزار دینار.
ئایاری ئەم ساڵ بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان 160 هەزار دینار بوو، نێوەڕاستی مانگی تەمموز گەیشتە 200 هەزار دینار و ئێستا بەرزرتر بووەتەوە.
ئەو بازرگانەی سووتەمەنی لە هەولێر گوتی: "نرخی سووتەمەنی بەگشتی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، کەمیی رێژە و زۆریی خواست هۆکاری سەرەکییە".
تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوتی بە نرخی پاڵپشتیکراو رانەگەیاندووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کورستان، پار لە دەستپێکی ئەیلوولەوە تاوەکو 04-01-2026، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 674 هەزار و 500 خێزان دابەش کرا.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی دەکرد، یەک بەرمیلی 200 لیتری بوو و بەرامبەر 104 هەزار دینار بە هاونیشتمانییان دەدرا.


