رووداو دیجیتاڵ باران و کەشوهەوای گونجاو لە دەڤەری برادۆست، بەرهەمی ئەمساڵی خەیاری زیاد کردووە، بەڵام زۆریی خستنەڕوو و نزمیی نرخ لە بازاڕەکاندا، جووتیارانی نائومێد کردووە، ئێستا ئەوان تەنیا هەوڵی گەڕانەوەی تێچووەکانیان دەدەن و بەشێکیشیان بەهۆی بێبازاڕییەوە، بەرهەمەکەیان بە خۆڕایی دەدەنە خەڵک. نامیق و ئیبراهیم، دوو گەنجی دەرچووی زانکۆن، بە ئومێدی بەدەستهێنانی قازانج، زەوییەکی فراوانیان لە دەڤەری برادۆست بە خەیار چاندووە. ئێستا وەرزی لێکردنەوەی بەرهەمەکەیانە، لەبری قازانج، لە خەمی ئەوەدان تێچووی کێڵگەکەیان بۆ بگەڕێتەوە. ئیبراهیم عادل، جووتیارێکی دەرچووی زانکۆیە، دەڵێت: "لە هەر تۆنێک خەیار کەمتر لە 100 هەزار دینار قازانج دەکەین. ترسمان هەیە تەنانەت ئەو خەرجییەی کردوومانە بۆمان نەگەڕێتەوە. لێرە جووتیار هەیە 10 چیس تۆوی چاندووە، بەڵام ئێستا پێگەیشتووە، بەهۆی کەمیی نرخەوە بە خەڵکی گوتووە "وەرن بۆ خۆتان بە بەلاش بیبەن"، چونکە کیلۆی بە 100 دینار هیچ نییە." چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ناوچەکە، زیاتر لە تاقیکردنەوەی "شانس" دەچێت، جووتیاران تاوەکو کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان، هیچ دڵنیاییەکیان لەبارەی نرخ و بازاڕەوە نییە. خەیاری برادۆست، بە ئاوی کوێستان و بە کەمترین دەرمان و ماددەی کیمیایی بەرهەم دەهێندرێت، لە کێڵگەکاندا کیلۆی بە کەمتر لە 200 دینار لە جووتیاران دەڕوات، بەڵام هەمان خەیار لە بازاڕەکانی شاردا بە 500 دینار و زیاتریش دەفرۆشرێت. گەردین غەفوور، دوکاندارێکی سەوزەو میوەیە، هۆکاری دابەزینی نرخ بۆ زۆریی بەرهەم دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "ئەمساڵ بەهۆی باران و کەشوهەوای گونجاوەوە، جووتیارێکی زۆر خەیاریان چاندووە و بەرهەم زۆرە. ئێستا خەیاری زۆر جوان لای من کیلۆی بە 500 دینارە." دەڤەری برادۆست، یەکێکە لە گرنگترین ناوچە کشتوکاڵییە وەرزییەکانی هەرێمی کوردستان. ساڵانە نزیکەی 1800 جووتیار لەو سنوورە سەرقاڵی کشتوکاڵکردنن. لە وەرزی پێگەیشتنی خەیاردا، رۆژانە زیاتر لە 100 تۆن رەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەروەها لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتەشدا، جگە لە بازاڕی ناوخۆ، بەشێکی زۆری پێداویستیی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش دابین دەکات.
ئابووری08-08-2026جووتیاران داوای پارەی گەنم دەکەن و وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، بەڵێن دراوە بەمزووانە پارە خەرج بکرێ