رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە سەرەتای ئەم ساڵ، نرخی گۆشتی سوور لە زۆرینەی شارەکانی باشووری کورستان بەرزبووەتەوە. بارزگانێکی بوارەکە دەڵێ، "نەهاتنی ئاژەڵ لە سووریا و هێنانی بە قاچاخ لە ئێرانەوە نرخی گۆشتی بەرزکردووەتەوە".
سەرەتای شوباتی ئەم ساڵ، کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک لە هەولێر و سلێمانی لە 22 بۆ 24 هەزار دینار بوو، گۆشتی گوێرەکەش کیلۆی بە 19 بۆ 21 هەزار دینار بوو، بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەمڕۆ بەراورد بەو کاتە کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک نزیکەی چوار هەزار دینار و ئاژەڵی گەورە دوو بۆ سێ هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
بەگوێرەی بەواداچوونی رووداو، نرخی گۆشت لەنێوان شارەکاندا جیاوازە، بەڵام بەراورد بە شەش مانگی رابردوو لە هەموو شارەکان نرخی یەک کیلۆ دوو بۆ چوار هەزار دینار بەرزبووەتەوە و بە جۆرێکە، لە سلێمانی بەرزترین نرخ کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 28 هەزار دینارە، لە هەولێر 27 هەزار دینار، لە کەرکووک 26 هەزار و لە دهۆک 24 هەزار دینارە، هەرزانترین گۆشت لە هەڵەبجەیە و کیلۆیەک 22 هەزار دینارە.
نرخی گۆشت لە سلێمانی و هەولێر
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی، ئەمڕۆ 8ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕ بەگوێرەی تەمەنی ئاژەڵەکە دەگۆڕێ، بەگشتی ئاژەڵی بچووک نرخی گرانترە و گەورەکان کەمێک هەرزانترن".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی گوتی: "گۆشتی ئاژەڵی بچووک کیلۆی لەنێوان 25 بۆ 28 هەزار دینارە، جگە لە هەندێک شوێن، کە ناوداربوون و بە نرخی بەرزتر گۆشتیان فرۆشتووە تاوەکو کیلۆی 30 هەزار دیناریش، بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە".
جەمال حوسێن گوتی: "نرخی گۆشتی ئاژەڵی گەورەش بەگوێرەی تەمەنەکەیە، بەگشتی گۆشتی گوێرەکە کیلۆی لەنێوان 23 بۆ 24 هەزار دینارە".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، نرخی گۆشت لە قەزا و ناحیەکان بەراورد بە سەنتەری سلێمانی هەرزانترە. لەبارەی هۆکارەکەیەوە گوتی: "لە قەزا و ناحیەکان زۆرینەی گۆشتفرۆشان خۆشیان بەخێوکەری ئاژەڵەکانن و هەر خۆشیان سەری دەبڕن، وەکو شارەکان نییە کە سەربڕینەکەشی تێچووی خۆی هەیە".
لەبارەی سەرچاوەی ئاژەڵیشەوە جەمال حوسێن ئاماژەی بەوەکرد، جگە لە بەرهەمی ناوخۆ، زۆرینەی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەرمینیا و جۆرجیاوە هاوردە دەکرێن.
ئیدریس سوورچی، بازرگانی ئاژەڵ و گۆشتفرۆش لە هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک لە هەولێر گەیشتووەتە 27 هەزار دینار و ئاژەڵی گەورە 23 هەزار دینار".
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخیشەوە ئیدریس سوورچی گوتی: "ئاژەڵ زۆر کەم بووەتەوە، ئێستا لە سووریاوە هاوردە ناکرێ و تێچووی بەخێوکردنیش بەرزبووەتەوە، ئەوانە هەمووی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخن".
ئەو بازرگانەی ئاژەڵ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا ئاژەڵ لە ئێرانەوە بە قاچاخ هاوردە دەکرێ، ئەویش بەهۆی ئەوەی بە فەرمی رێگە نادرێ، هێنانی تێچووی زۆرە و نرخەکەی بەرز کردووەتەوە".
لە هەڵەبجە، دهۆک و کەرکووک نرخ هەرزانترە
حوسێن بادی، گۆشتفرۆش لە بازاڕی گەورەی گۆشتفرۆشانی دهۆک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لای ئێمە بە تاک و کۆ کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 24 هەزار دینارە، هەروەها گۆشتی گوێرەکە کیلۆی نەرمە 20 هەزار دینارە، بە ئێسکەوە 16 هەزار دینارە".
ئەو کاسبکارەی دهۆک گوتی: "لە مۆڵ و گەڕەکەکان گۆشت بە نرخی زیاتر لەم بازاڕەی ئێرە دەفرۆشن، بەڵام لێرە نرخەکە هەرزانترە، چونکە بە تاک و کۆ گۆشت دەفرۆشرێت".
بەراورد بە شارەکانی سلێمانی و دهۆک، نرخی گۆشتی سوور لە هەڵەبجە کەمترە. گۆشفرۆشێک دەڵێت: "نرخ هەرزانترە و بازاڕیش زۆر کەمە".
جەمال رەحمان، گۆشتفرۆش لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لای ئێمە کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 22 هەزارە و گوێرەکە بە 19 هەزار دینارە".
ئەو کاسبکارە گوتی: "لای ئێمە کرێی دووکان هەرزانترە بەراورد بە شارەکان و کڕیاری گۆشتیش لەم دۆخەدا زۆر کەمە، ئەمەش وایکردووە نرخ هەرزانتر بێت".
رێبوار ئیسماعیل گۆشفرۆش لە کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گۆشتی بەرخ کیلۆی لە نێوان 24 بۆ 26 هەزار دینارە، هەروەها نەرمەی گوێرەکە کیلۆی بە 20 بۆ 24 هەزار دینارە، زۆرینە بە 22 دەیفرۆشن و هەندێک کەسیش بە 24 هەزار دینار دەیفرۆشن".
رێبوار ئیسماعیل دەڵێ، ئەو بە کۆ کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 22 بۆ 23 هەزار دینار دەدات و گۆشتی گوێرەکەش بە کۆ کیلۆی دەدات بە 18 بۆ 19 هەزار دینار".



.jpg&w=3840&q=75)