رووداو دیجیتاڵ
بانکی جیهانی رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی 100 ملیۆن دۆلار بە سووریا لە رێگەی "دامەزراوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی". ئامانج لەم هاوکارییە، بونیاتنانی کەرتی داراییەکی مۆدێرن، پارێزراو و دیجیتاڵییە کە یارمەتیدەر بێت لە خێراکردنی مامەڵە داراییەکان و چاکبوونەوەی ئابووریی وڵاتەکە.
بانکی جیهانی، رۆژی هەینی 07-08-2026 رایگەیاند، "پڕۆژەی نوێکردنەوەی کەرتی دارایی سووریا" پشتگیری لەو وەبەرهێنانانە دەکات کە وادەکەن مامەڵە بانکییەکان پارێزراوتر و شەفافتر بێت؛ هەروەها ژینگەیەکی گونجاو دەڕەخسێنێت تاوەکو هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە داراییەکان بگات.
دالیا خەلیفە، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە بانکی جیهانی رایگەیاند: "بوونی سیستمێکی دارایی نوێ بۆ گەشەپێدان و چاکبوونەوەی ئابووریی سووریا زۆر پێویستە."
خەلیفە راشیگەیاند، پرۆژەکە "یارمەتیدەر دەبێت لەوەی کەرتی دارایی خزمەتگوزاریی باشتر پێشکێشی خێزان و کۆمپانیاکان بکات، بەتایبەتی بۆ پشتگیریکردنی ئەو گەشەپێدانەی کەرتی تایبەت سەرکردایەتی دەکات و دەبێتەهۆی رەخساندنی هەلی کار."
کەرتی دارایی سووریا دوای جەنگ
دوای 14 ساڵ لە جەنگ، کەرتی دارایی سووریا بە بچووکی ماوەتەوە و چالاکییەکانی تەنیا لەسەر بانکەکان چڕبوونەتەوە. ئێستا ئاڵوگۆڕی دارایی لەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە پارەی کاش دەبەستێت، ژێرخانی پارەدانی دیجیتاڵی کۆن بووە و سیستمەکانی چاودێری و سەقامگیریی دارایی رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بوونەتەوە.
ئەم گرفتانە بوونەتەهۆی زیادبوونی تێچووی مامەڵەکان و رێگربوون لەوەی سووریا بە سیستمە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە ببەسترێتەوە. بانکی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە بوونی سیستمێکی دارایی کارا، بۆ چاکبوونەوەی ئابووریی سووریا یەکجار گرنگە، چونکە ئاسانکاری دەکات بۆ دابەشکردنی مووچە، خانەنشینی، گواستنەوەی پارە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و شەفاف.
پێکهاتە و ئامانجەکانی پڕۆژەکە
پڕۆژە نوێیەکە کار لەسەر چەندین تەوەری سەرەکی دەکات، لەوانە:
نوێکردنەوەی ژێرخان: نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی سەرەکیی دارایی و بەرزکردنەوەی توانای بانکەکان.
بەهێزکردنی بانکی ناوەندی: زیادکردنی توانای کارگێڕیی بانکی ناوەندیی سووریا و یەکەی کۆکردنەوەی زانیارییە داراییەکان.
تەکنەلۆژیا و ئاسایش: وەبەرهێنان لە سیستمە بنەڕەتییەکانی بانکی ناوەندی، تەکنەلۆژیای زانیاری و بەهێزکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
چاودێری و وردبینی: ئەنجامدانی وردبینیی سەربەخۆ و ورد بۆ جۆری سەرمایەی بانکە گشتی و تایبەتەکان، هەروەها بەهێزکردنی تواناکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
دەستکەوتە چاوەڕوانکراوەکان بە ژمارە
پڕۆژەکە ئامانجییەتی لە ماوەی جێبەجێکردنیدا ئەم دەستکەوتانە بەدی بهێنێت:
- کاراکردنی سیستمە بنەڕەتییەکانی کەرتی دارایی.
- ئەنجامدانی لانیکەم 15 ملیۆن مامەڵەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ساڵێکدا.
- پاڵپشتیکردنی لانیکەم 500 هەزار کەس و کۆمپانیا بۆ بەکارهێنانی سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی، کە 150 هەزار لەوانە ژن دەبن.
گۆشەگیریی بانکەکانی سووریا
بانکەکانی سووریا لە ماوەی جەنگی ناوخۆدا بە تەواوی لە سیستمی دارایی جیهانی دابڕان، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011دا پەنای بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران برد، کە وایکرد وڵاتانی رۆژئاوا سزای تووند و بەکۆمەڵ بەسەر ئەو وڵاتە و بانکی ناوەندیدا بسەپێنن.
ئێستا ئەم پڕۆژەیەی بانکی جیهانی وەک هەوڵێک دەبینرێ بۆ گێڕانەوەی سووریا بۆ سەر رێڕەوی دارایی و ئابووریی جیهانی.
.jpg&w=3840&q=75)


