رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە زیاتر لە 24 هەزار مێگاوات، بەڵام بەهۆی زێدەڕۆیی هاووڵاتییان و خاوەنکارانەوە، زیاتر لە 10 هەزار مێگاوات کارەبا بەفیڕۆ دەچێ.
ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی چوارشەممە، 5ی ئابی 2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئێستا تێکڕای پێدانی کارەبای نیشتمانی لەنێوان 10 بۆ 12 کاژێرە لە رۆژێکدا." گوتیشی، "بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 24 هەزار و 600 مێگاوات، لە کاتێکدا عێراق بۆ پێدانی کارەبای بەردەوام پێویستی بە 55 بۆ 60 هەزار مێگاوات هەیە."
کڕینی کارەبا لە هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەحمەد تورکی ئاشکرای کرد کە وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژانە 1200 بۆ 1400 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکڕێ.
ئەحمەد تورکی گوتی، لە 4ـی ئابی2026ەوە دەستیان کردووە بە وەرگرتنی 100 ملیۆن پێ سێجا گازی کێڵگەی کۆرمۆر لەرێگەی کۆمپانیای دانەگازەوە بۆ وێستگەی تازە لە کەرکووک، کە وایکردووە بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە بگاتە 380 مێگاوات.
زێدەڕۆیی و هەدەردانی وزە
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق نیگەرانیی خۆی لە زێدەڕۆییەکان دەربڕی و گوتی، "نزیکەی 55% بۆ 60%ـی بەکارهێنەران زێدەڕۆیی دەکەن و بێ پێوەر کارەبا رادەکێشن، ئەمەش بووەتە هۆی هەدەردانی زیاتر لە 10 هەزار مێگاوات کارەبا."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵمەتێکی فراوان بۆ بڕینی زێدەڕۆییەکان و بەستنی پێوەری زیرەک بۆ ناوچە زێدەڕۆکان دەستیپێکردووە.
هاوردەکردنی گاز و قەرزی ئێران
سەبارەت بە هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە، ئەحمەد تورکی رایگەیاند، ئێستا رۆژانە 25 ملیۆن مەتری سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ. لەبارەی شایستە داراییەکانی ئێرانیش گوتی، "بڕی زیاتر لە 6 ملیار دۆلار عێراق قەرزاری گازی ئێرانە. قەرزەکەش لە بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) دادەنرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق باسی لە هێڵەکانی بەستنەوەی کارەبا کرد و رایگەیاند، "ئێستا 600 مێگاوات لە تورکیا و 100 مێگاوات لە ئوردنەوە وەردەگرین. بەستنەوەی کارەبای کەنداویش لە لایەنی عێراقەوە لە مانگی ئەیلوولدا تەواو دەبێت و چاوەڕێی لایەنی کوێتی دەکەین بۆ وەرگرتنی 500 مێگاوات."
ئەحمەد تورکی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەت پلانێکی ستراتیژیی تاوەکو ساڵی 2030 داناوە بۆ گەیشتن بە بەرهەمهێنانی 35 هەزار مێگاوات کارەبا، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانە بەستراوەتەوە بە دابینکردنی سووتەمەنی و بودجەی پێویست.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)