رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ سێیەم رۆژی یەک لە دوای یەک نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و نرخی نەوت، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئامارەکانی هەلیکارن لە ئەمریکا بۆ ئەوەی ئاراستەی سوودی بانکییان بۆ روون ببێتەوە.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 1.4% بەرزبووەوە و ئاستی 4140 دۆلاری دەربازکرد. لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نرخی زێڕ بە رێژەی 1% بەرزبووەوە و نزیک بووەوە لە 4198 دۆلار. دابەزینی بەهای دۆلاریش وایکردووە کڕینی کانزا زەردەکە بۆ خاوەن دراوەکانی دیکە هەرزانتر و سەرنجڕاکێشتر بێت.
دوای دابەزینە گەورەکانی دوو رۆژی رابردوو، نرخی نەوت جێگیربووە. دابەزینی نرخی نەوت دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەڵاوسان و ئەوەش کاریگەری لەسەر سیاسەتی بانکی ناوەندی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی دادەنێت. قەتەر رایگەیاندووە کە ناوبژیوانان لە هەوڵەکانیاندا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، هەرچەندە تاران ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپی رەتکردەوە کە گوتبووی دانوستاندنەکان لە ئارادان.
کێلڤن وۆنگ، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای OANDA دەڵێت، "پەیوەندی نێوان زێڕ و نەوت وەک خۆی ماوەتەوە، چونکە نرخی نەوت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی جیهان هەیە لە رووی هەڵاوسانەوە. ئەگەر نەخشەڕێگەیەکی روون بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان هەبێت، پێدەچێت نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە."
ئێستا بازرگانان بە رێژەی 59% پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی 15 و 16ی ئەیلوولدا سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا رۆژێک پێشتر، ئەو پێشبینییە 67% بوو.
ئانا پاوڵسن، سەرۆکی بانکی فیدراڵی فیلادلفیا رایگەیاند، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر سیاسەتی نەختی نەدراوە و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا پێویست بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
بازاڕەکان چاوەڕێی راپۆرتی هەلیکاری ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 3:15ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر بڵاوبکرێتەوە، هەروەها رۆژی هەینیش راپۆرتی فەرمی بازاڕی کاری مانگی تەممووز بڵاودەکرێتەوە. شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاری TD Securities پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ لە نزیک ئاستەکانی ئێستایدا بمێنێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


