رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت دوای دابەزینە بەردەوامەکانی دوو رۆژی رابردوو جێگیرە، ئەوەش لەکاتێکدایە وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئەنجامی ئەو هەوڵانەن کە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز دەدرێن.
تایبەت بە نرخەکانیش، نرخی نەوتی برێنت 26 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 79.62 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 75.90 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە قەتەر رایگەیاند کە نێوەندگیران لە هەوڵەکانیاندا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان بەرەوپێشچوونیان بەدەستهێناوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، هەرچەندە تاران ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە کە گوتبووی دانوستاندنەکان لە ئارادان. رۆژی سێشەممە بۆ یەکەم جار لە دوای 13ی تەممووزەوە، نرخی نەوتی برێنت لە خوار 80 دۆلارەوە داخرا.
شارەزایانی کۆمپانیای IG لە تێبینییەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، "خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان ئەوەیە ئایا ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر داواکارییەکەی بۆ هەبوونی جۆرێک لە کۆنترۆڵ بەسەر رێڕۆ ئاوییەکەدا، یان ئەمریکا لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگر دەبێت و ئەو داواکارییە رەتدەکاتەوە."
دوای لێدوانەکانی قەتەر، رۆژی سێشەممە نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 5% دابەزی، ئەوەش درێژکراوەی دابەزینە گەورەکەی رۆژی دووشەممە بوو کە بەهۆی هیواکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن هاتبووە ئاراوە. پێش دەستپێکردنی گرژییەکان، نزیکەی 20%ی نەوت و گازی سروشتیی جیهان لەو تەنگەیەوە تێدەپەڕین و تەنیا لە مانگی ئاداردا نرخەکان بە رێژەی 50% بەرزبوونەوە.
نووسینگەی میری قەتەر رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان دەربارەی کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان واشنتن و تاران کردووە. ترەمپ رۆژی دووشەممە گوتی دانوستاندنەکان دەستیان پێکردووە و ئێران لەبەردەم دوایین هەل دایە بۆ رێککەوتن، بەڵام بەرپرسانی ئێران جەختیان کردەوە کە هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی بازاڕ بە پشتبەستن بە ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا (API) رایانگەیاند، هەفتەی رابردوو کۆگاکانی نەوتی خاو و بەنزین لە ئەمریکا زیادیان کردووە، بەڵام بەرهەمە پاڵێوراوەکان کەمیان کردووە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، کۆگاکانی نەوتی خاو لە هەفتەی رابردوودابە بڕی 2.7 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)

