رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دەست بە هەناردەی گازی سرووشتی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەی گازی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا لەکەرکووک کرا.
محەممەد خالید، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی ناوچەی باکووری وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەکاژێر 12ی نیوەڕۆوە دەست بە وەرگرتنی گازی سرووشتی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای گازی تازە لە کەرکووک کرا."
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی ناوچەی باکووری وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "رێککەوتنی کۆرمۆر و وەزارەتی کارەبای عێراق دەبوو لە یەکی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە جێبەجێ کرابایە، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە دواخرا."
محەممەد خالید ئاماژەی بەوەش کرد، "جارێ پرۆسەکە لەژێر چاودێریدایە و تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو ئەزموونی دەبێت، بەڵام بەپێی گریمانەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا کاتێک بە تەواوی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، زیاتر لە 300 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی ناوچەی باکوور زیاد دەبێت، کە هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و سەڵاحەدین دەگرێتەوە و کاریگەری راستەوخۆ لەسەر دۆخی کارەبا دەبێت."


.jpeg&w=3840&q=75)
