رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەریاوانیی تورکیا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 40 هەزار کەشتی بە رێڕەوە ئاوییەکانی ئیستەنبووڵ و دەردەنێلدا تێپەڕیون.
سەرەڕای زیادبوونی هێرشە درۆنییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە دەریای رەش و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەی بازرگانیی جیهانی، رێڕەوە ئاوییەکانی تورکیا گرنگییە ستراتیژییەکەی خۆیان پاراستووە.
ئاماری تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە شەش مانگی سەرەتای 2026:
• تەنگەی ئیستەنبووڵ: 19,277 کەشتی
• تەنگەی دەردەنێل: 20,941 کەشتی
• کۆی گشتیی کەشتییەکان: 40,218 کەشتی لە هەردوو تەنگەکە تێپەڕیون
جۆری کەشتییە تێپەڕبووەکان:
• کەشتیی بارهەڵگری گشتی: 13,127 کەشتی
• کەشتیی باری فەلە: 7,777 کەشتی
• کەشتیی کۆنتێنەر: 5,188 کەشتی
• کەشتیی گواستنەوەی ئاژەڵی زیندوو: 604 کەشتی
• کەشتیی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل: 258 کەشتی
• کەشتیی گواستنەوەی چیمەنتۆ: 87 کەشتی
کۆی کێشی ئەو کەشتییانەی بەو دوو تەنگەیەدا تێپەڕیوون گەیشتووەتە 767.5 ملیۆن تۆن.
تەنگەکانی ئیستەنبووڵ و دەردەنێل تاکە رێڕەوی ئاوین کە دەریای رەش بە دەریای مەڕمەڕە، دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستنەوە.
بەپێی پەیماننامەی مۆنترۆ – کە لە ساڵی 1936 بۆ بەرێوەبردنی تەنگەکان واژۆ کراوە - زۆرینەی مافەکانی بەڕێوەبردن تەنگەکان و دەربازبوونی کەشتییەکان لەم رێڕەوانەدا لەژێر کۆنتڕۆڵی راستەوخۆی تورکیادایە.
ئەم تەنگانەی تورکیا لە قەرەباڵخترین شادەمارەکانی بازرگانی، وزە و گوێزتنەوەی دانەوێڵەن لە جیهاندا.
بوونی ئاڵۆزی لە ناوچەی دەریاکانی دەوروبەر، بەتایبەت لە دەریای رەش و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێگەی جیۆپۆلیتیکی ئەم رێڕەوە ئاوییانەی تورکیای زیاتر دەرخستووە.


.jpeg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)