رووداو دیجیتاڵ
تێچووی دانانی پانێڵی هەتاوی لە هەرێمی کوردستان زیاد بووە، بە جۆرێک دانانی سیستمێکی تەواو بۆ ماڵێک بە 10 پانێڵ و پاترییەکانیەوە لە 3000 دۆلارەوە بووەتە 4000 دۆلار. خاوەن کۆمپانیایەکی پانێڵی هەتاوی دەڵێت، هۆکارەکەی داخرانی تەنگەی هورمزە.
زەکی محەممەد خۆشناو، کە خاوەنی کۆمپانیایەکی پانێڵی هەتاوی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری کە محەممەد شێخ فاتیح پێشكێشی دەکات، رایگەیاند، نرخی پانێڵی هەتاوی لە وڵاتی بەرهەمهێنەر کە چینە 30% زیادی کردووە.
جەنگی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026، داخرانی تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکان لێکەوتەوە. داخرانی تەنگەکە رێڕۆی هاتووچۆی بازرگانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕیوە، گۆڕانی رێڕۆکانیش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیادبوونی ماوەی گواستنەوەیان.
زەکی محەممەد خۆشناو گوتی: "نرخی گواستنەوە بەرز بووەتەوە، چونکە لە دوای داخرانی تەنگەی هورمزەوە پانێڵی هەتاوی راستەوخۆ ناگاتە بەندەرەکانی عێراق بەڵکو بەشێکی لە رێگەی ئوردنەوە و بەشێکی دیکەشی لە رێگەی تورکیاوە دێت".
بە گوتەی ئەو بازرگانە کرێی گواستنەوە دوو هێندە زیادیکردووە، بە جۆرێک لە رابردوو کرێی کۆنتێنەرێک بە نزیکەی حەوت هەزار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا نزیکەی 14 هەزار دۆلارە.
لە هەرێمی کوردستان 134 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەمدێت، زەکی محەممەد خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سەرهەڵدانی کێشەی وزە، خواستی لەسەر دانانی پانێڵی هەتاوی زیاتر کردووە. گوتیشی، حکومەت لەگەڵ ئەوەی لە دانانی سیستمی پانێڵی هەتاوی پشتیوانی هاونیشتمانیان دەکات، باجی گومرگیشی لە 33٪ بۆ 5٪ کەمکردووەتەوە.
بەشێک لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان لە نێویاندا ئاڕتی بانک لە پێناو هاندانی هاونیشتمانیان بۆ دانانی پانێڵی هەتاوی قەرز دەداتە هاونیشتمانیان.
زەکی محەممەد خۆشناو پێدانی قیستی دارایی بە گرنگ ناوبرد و گوتی: "ئەو خەرجییەی هاووڵاتی سەرەتا دەیکات زۆرە، بەڵام تاوەکو سێ ساڵ وەکو ئەوەیە کارەباکەی بێبەرامبەر بێت."
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، 4159 هاوبەش کارەبای وزەی خۆریان هەیە، کە بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەو شێوەیە:
سلێمانی: 2,590 هاوبەش
هەولێر: 740 هاوبەش
دهۆک: 530 هاوبەش
هەڵەبجە: 204 هاوبەش
سۆران: 95 هاوبەش


.jpg&w=3840&q=75)