رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 1,200 تمەن یان بە رێژەی (0.63%) بەرزبووەوە و گەیشتە 192,450 تمەن.
لە 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین نرخی دۆلار 192,750 تمەن و نزمترین نرخیشی 191,050 تمەن بووە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە نرخی دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو 0.89% و لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا نزیکەی 21.57% بەرزبووەتەوە.
لە کاتێکدا لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە، لێدوانی دژبەیەکی بەرپرسانی هەردوولا کەشێکی تەمومژاویی لە بازاڕدا دروستکردووە. تاران رایگەیاندووە کە هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە و تەنیا لەگەڵ عومان لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز گفتوگۆ دەکەن.
بازرگانان پێیانوایە بەهۆی ئەزموونی مانگەکانی رابردوو، بازرگانان چیتر بە ئاسانی متمانە بە هەواڵە سەرەتاییەکان ناکەن؛ بۆیە تاوەکو نیشانەیەکی کردەیی و جێگەی متمانە لە گۆڕانکاریی سیاسی نەبینرێت، کاردانەوەی بازاڕی دراو سنووردار دەبێت.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەگەر هەواڵە سیاسییەکان تەنیا لە ئاستی قسە و باسدا بمێننەوە، ئەوا ئەگەری هەیە دۆلار لە ئاستەکانی نزیک لە 190 هەزار تمەندا بمێنێتەوە و قەبارەی مامەڵەکانیش کەم بێتەوە.
لە بەرامبەردا، ئەگەر ئاماژەی روونتر لەبارەی پێشوەچوونی دانوستاندنەکان یان کەمبوونەوەی گرژییە ناوچەییەکان بڵاوببێتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە نرخی دۆلار بۆ ئاستەکانی نزیک لە 180 هەزار تمەن پاشەکشە بکات. بەڵام لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەرێنی یان زیادبوونی مەترسییە سیاسییەکان، خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیاد دەکات و نرخەکەی بەرەو ئاستی بەرگریی 195 هەزار تمەن دەچێت.


