رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا سەوزە و میوەی زیاترە لە پێداویستی نێوخۆ و هەربۆیە رۆژانە نزیکەی شەش هەزار تۆن هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکات.
بەگوێرەی بەدواچوونی رووداو، رۆژانە لە عەلوەی هەولێرەوە دوو بۆ سێ هەزار تۆن سەوزە و میوە هەناردە دەکرێ. لە عەلوەی سلێمانی کە بەشێکی بەرهەمەکەی لە هەڵەبجەوە دابین دەکرێ، رۆژانە نزیکەی هەزار و 500 تۆن هەناردە دەکرێ و لە پارێزگای دهۆکیشەوە هەناردەی رۆژانە دەگاتە دوو هەزار تۆن.
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگیی کشتوکاڵی لە هەولێر، ئەمڕۆ 03ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی رابردوو رۆژانە نزیکەی 3 هەزار و 700 تۆن سەوزە و میوەمان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق ناردووە".
بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ پشتگیری بۆ ئەو جووتیار و بازرگانانە دەکەن کە بەرهەمەکانیان دەبەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ ئەوەی بازگەکانی حکومەتی عێراق کێشەیان بۆ دروست نەکەن. هۆشیار جەلیل دەڵێت: "مانگی حەوت نزیکەی 12 هەزار پشتگیریمان بۆ بارهەڵگری جیاواز کردووە".
بەرپرسی چاودێریی گومرگیی کشتوکاڵی لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد: "ئەم رۆژانە دوو بۆ سێ هەزار تۆن سەوزە و میوە هەناردە دەکەین، بەراورد بە مانگی حەوت کەمێک بەرەو کەمبوونەوە دەچێ".
بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، پەتاتە و پیازن؛ هەروەها تەماتە، کوولەکە، کاڵەک، خەیار، چەوەندەر، کەلەرم، ترۆزی، لۆبیا، شوتی، قۆخ، باینجان و سێو دەنێردرێن.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە نزیکەی 1500 تۆن سەوزە و میوە لە عەلوەی سلێمانییەوە هەناردەی باشوور و نێوەڕاستی عێراق دەکەین و هەناردەکردنیش بەردەوامە".
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بۆ رووداو، رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن سەوزە و میوەی سنوورەکە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمڕۆ 03ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی رابردوو 63 هەزار تۆن و 624 کیلۆ بەرهەمی سنوورەکەمان هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە".
لەم وەرزەدا جگە لە بەشێکی میوەکان، هەرێمی کوردستان زۆرینەی پێداویستیە سەوزە و میوە لە نێوخۆدا بەرهەم دەهێنێت و هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێ، یان باجی زۆری دەخرێتە سەر.



