رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، بەهای زێڕ لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی نرخەکانی نەوت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا هێرشە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران رابگرێت بە هیوای گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا. ئەمەش تا رادەیەک نیگەرانییەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کەمکردەوە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ بە رێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 4,060 دۆلار.
نرخی دۆلاری ئەمریکی کەوتە ژێر گوشارەوە، دوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پاڵپشتیکردنی دراوی (یەن)ـی ژاپۆن دەستوەردانیان لە بازاڕی دراودا کرد، ئەمەش وایکرد کڕینی زێڕ بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی بە دراوەکانی دیکە مامەڵە دەکەن، هەرزانتر بکەوێت و خواست لەسەری زیاد بکات.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای KCM Trade لەو بارەیەوە رایگەیاند، "زێڕ سەرەتایەکی گەشبینانەی لەم هەفتەیەدا هەبووە، بەڵام بەهۆی ناڕوونیی بازاڕی نەوت و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەستکەوتەکان هێشتا سنووردارن، بۆیە دەکرێت بڵێین سەرەتایەکی ئەرێنییە، بەڵام بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە رۆژی دووشەممە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئامادەنەبوو کاتێکی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دابنێت. دوای ئەم لێدوانانە، نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 4٪ دابەزی.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەهای زێڕ لەژێر گوشاردا بووە، لەبەر ئەوەی ئەگەری بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بەهۆی جەنگەوە دەبێتە هۆی ئەوەی بانکە ناوەندییەکان نرخی سوودی بانکی بەرز بکەنەوە. هەرچەندە زێڕ بە شێوازێکی نەریتی وەک پەناگەیەک دژی هەڵاوسان دەبینرێت، بەڵام لە کاتی بەرزبوونەوەی سوودی بانکی، سەرنجڕاکێشییەکەی لەدەستدەدات.
رۆژی هەینی، سێ بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە داوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکییان دەکرد، نیگەرانییان دەربڕی لەوەی ئەگەر تێچووی قەرزکردن بە خێرایی بەرز نەکرێتەوە، رێژەی هەڵاوسان لە سەرووی 2٪ دەمێنێتەوە کە ئامانجی سەرەکی بانکەکەیە.
ئێستا چاوی وەبەرهێنەران لەسەر زنجیرەیەک راپۆرتی هەلی کارە لە ئەمریکا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بڵاوبکرێنەوە، لەوانەش ئامارەکانی ADP و راپۆرتی هەلی کاری کەرتی تایبەت (NFP)، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بڕیارەکانی داهاتووی بانکی ناوەندی دەبێت.
واتێرەر دەڵێت، "بۆ ئەوەی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت، پێویستمان بە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت، لاوازبوونی دۆلار و گۆڕانی هەڵوێستی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەیە، بەتایبەتی سیاسەتی بانکەکە دەبێت بەرەو کەمکردنەوەی سوودی بانکی بڕوات. لە بەرامبەردا، هەر گرژییەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان بڵاوبوونەوەی ئامارێکی بەهێزی هەلی کار کە ئەگەری بەرزکردنەوەی سوود لە مانگی ئەیلوول زیاتر بکات، دەبێتە رێگر لەبەردەم بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ."



