رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخەکانی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین. ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند هێرشێکی سەربازیی پلان بۆ داڕێژراوی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
پاشگەزبوونەوەی ئەمریکا لەم کاتەدا بۆ هێرشکردنە سەر ئیران، مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکانی لەسەر نرخی وزە کەم کردووەتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ دووشەممە 4.4٪ی دابەزی و گەیشتە 84.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا، بە رێژەی 4.5٪ دابەزی بۆ 80.89 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند دوای وەرگرتنی داواکارییەک لە تاران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بریاری داوە هێرشە سەربازییەکەی سەر ئێران رابگرێت.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) نووسیویەتی، "ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوایان لێکردین هێرشەکە رابگرین، چونکە لەسەر چوارچێوەیەک رێککەوتووین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە کردنەوەی دەستبەجێ، تەواوەتی و گشتگیری تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران لەخۆدەگرێت.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان، پێشتر دەگوترا ترەمپ خەریکی تاوتێکردنی قۆناخێکی نوێی هێرشەکانە بۆ سەر ئێران، بەتایبەت دوای ئەوەی ئاسۆکانی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، بەرەو کاڵبوونەوە دەچوون.
لە بەرامبەردا، تاران بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ راگەیاندنەکەی ترەمپ کرد. سەید مەجید ئیبنورەزا، وەزیری بەرگریی ئێران بەوەکالەت، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە: "هەرچەندە لێدوانەکانی دوژمن بەشێکن لە جەنگی دەروونی و مەعریفی، بەڵام ئێمە هەموو هەڕەشەیەک بە جیدی وەردەگرین."
هاوکات، ئاژانسی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران، پێشنیازەکەی ترەمپی رەتکردەوە و لە پۆستێکدا لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، داواکارییەکانی ترەمپ تەنیا "لیستی ئاواتەکانن."



