رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێ، هیچ کێشەیەک لەنێوان عێراق و تورکیا لەسەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان نییە و بڕیارە ئەم ساڵ یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە بنرێ.
عەبدولقادر ئورالۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هێڵێکی ئاسنین بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر، رێگەی خێرا (ئۆتۆبان)، هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و پەیوەندییەکان لەخۆدەگرێ، کە لە بەندەری فاو لە بەسرەوە دەستپێدەکات و لە رێگەی تورکیاوە بۆ ئەورووپا درێژ دەبێتەوە؛ تەنیا تێچووی کەرتی هێڵی ئاسن لە پڕۆژەکەدا دەگاتە نزیکەی 15 ملیار دۆلار.
وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا، بەهۆی هەبوونی کێشە لە وردەکارییەکی تەکنیکی لە خولەکەکانی کۆتاییدا واژۆکردنی رێککەوتنەکە بۆ کاژمرێک دواکەوت، بەڵام دواتر بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنەکە واژۆکرا.
وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ عێڕاق رێککەوتوون کە دەروازەی سنووری ئەو پرۆژەیە لە پیشابوور-ئۆڤاکۆی بێت و تورکیا پێشنیاری کردووە کۆمپانیاکانی تورکیا پرۆژەکە دروست بکەن لەبەرامبەردا عێراق نەوت بە تورکیا بدات.
ئورالۆغڵو دەربارەی گرنگیی پڕۆژەکە گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ رێگەی گەشەپێدان تەواو بووایە، تەنگەی هورمز نەدەبووە رۆژەڤی جیهان بەم شێوەیە. ئامانجمان ئەوەیە ئەم ساڵ دەست بە کارەکانی دروستکردنی پرۆژەکە بکەین، کە لە قۆناخی یەکەمدا سەرنج دەخرێتە سەر دروستکردنی هێڵی ئاسنین. ئەم پڕۆژەیە تەنیا رێگەیەکی گواستنەوە نییە، بەڵکو دروستکردنی ناوەندی لۆجیستی و دامەزراوەی پترۆکیمیایی لە تورکیا لەخۆدەگرێ کە دەرفەتی کاری مەزن دەرەخسێنێت."
پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) رێڕەوێکی ستراتیجیی گواستنەوەیە کە ئامانجی بەستنەوەی کەنداوە بە تورکیا و ئەورووپاوە لە رێگەی عێراقەوە. هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن ئەم رێڕەوە بکەنە جێگرەوەیەکی خێراتر و تێچوو کەمتر بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و وزە لە نێوان ئاسیا و ئەورووپادا.
رۆژی 28ی تەمموز، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە سەرپەرشتی واژۆکردنی 5 رێککەوتنیان لە نێوان عێڕاق و تورکیا کرد و یەکێك لەو رێککەوتنانە تایبەت بوو بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.




