رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری دا بۆ پێنجەمین جار لەسەر یەک رێژەی سوودی بانکی بەبێ گۆڕانکاری بهێڵێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە هەڵاوسان رووی لە زیادبوون کردووە و بەشێک لە بەرپرسانی بانکەکە داوای رێکاری تووندتر دەکەن.
لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی ئەمریکا بڕیاری دا، رێژەی سوودی بانکی لە نێوان 3.50٪ بۆ 3.75٪ بمێنێتەوە. لە کۆبوونەوەی لیژنەکە بۆ بڕیاردان لەسەر رێژەکە، سێ ئەندام لە کۆی 12 ئەندامی لیژنەکە، کە لۆری لۆگان، بێت هاماک و نیل کاشکاری بوون، دژی بڕیاری هێشتنەوەی رێژەکە وەکو خۆی وەستانەوە و داوایان کرد، رێژەکە بۆ 0.25٪ زیاد بکرێت. کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی رایگەیاند، ئەوان پابەندن بە پاراستنی جێگیریی نرخەکان، بەڵام ئاماژەی بە کات و شێوازی دەستوەردانەکانی داهاتوو نەکرد.
گرێگۆری داکۆ، سەرۆکی شارەزایانی ئابووری بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ـی راگەیاند، "بەرپرسانی بانکەکە خەریکە چیدیکە بەرگەی هەڵاوسان ناگرن و زۆربەیان ئامادەن دەستبەجێ رێکار بگرنەبەر ئەگەر رێژەی هەڵاوسان بۆ 2٪ دانەبەزێت".
لە مانگی ئادارەوە و دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران، نرخی وزە و پەین لە جیهاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو. دایان سوۆنک، سەرۆکی شارەزایانی ئابووری لە کۆمپانیای (KPMG) ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هەڵاوسان مانگی رابردوو بۆ 3.5٪ دابەزی، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەهۆی ناسەقامگیریی نرخی نەوت دووبارە بەرز ببێتەوە. سوۆنک گوتی، "هەڵاوسان زیانی زۆر بەو خێزانانە دەگەیەنێت کە داهاتیان کەمە؛ ئەم دۆخە خەریکە هەموو کەرتەکانی خۆراک و پێداویستی دەگرێتەوە".
جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوبات بە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد. بووە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز و پەککەوتنی هەناردەی نەوتی کەنداو و بازاڕەکانی جیهانی رووبەڕووی قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کردەوە، ئەمەش بانکی ناوەندیی ئەمریکای خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسی دارایی بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕی کار و نرخەکان.



