رووداو دیجیتاڵ
(ئاڕ تی بانک) رۆژی چوارشەممە لە رێوڕەسمێکدا لە شاری بەسرەی باشووری عێراق خزمەتگوزاریی (ئاڕ تی بی مەزاد)ی راگەیاند. ئەم خزمەتگوزارییە کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان و بەغدا راگەیێندرابوو، رێگە بە بازرگانان و هاوبەشەکانی بانکەکە دەدات بە شێوەیەکی ئاسانتر و بە نرخی فەرمی، پارە بۆ دەرەوەی وڵات بگوازنەوە بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵاکانیان.
شکۆ عومەر، پەیامنێری رووداو کە ئامادەی رێوڕەسمی راگەیاندنی خزمەتگوزارییەکە بوو، لە زاری بەرپرسانی بانکەکەوە رایگەیاند، پێشتر زیاتر لە سێ هەزار هاوردەکار لە لقەکانی دیکەی ئاڕ تی بانک لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوون؛ هەروەها بەرپرسانی بانکەکە ئاشکرایان کردووە کە دەیانەوێ لە داهاتوودا نۆ لقی دیکە لە پارێزگاکانی عێراق بکەنەوە.
گۆڕینی دینار بۆ دۆلار بە نرخی فەرمی لە رێگەی سەکۆی دیجیتاڵییەوە
هاوڕێ رەشید، بەڕێوەبەری بەشی کۆمپانیاکانی (ئاڕ تی بانک) لەبارەی سوودی ئەم سیستمە نوێیەوە گوتی: "بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار و دراوەکانی دیکە بە بەهای فەرمی دەخاتە بازاڕەوە. لە دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە، یەک دۆلار بە 1520 دینارە. بەڵام تاوەکو هاوردەکار سوودمەند بێت لەو بەهایە، پێویستی بە چەندین رێکار و بەڵگەنامە هەیە و دەبێ چەندین جار سەردانی بانکەکان بکات تاوەکو پارەکەی بگوازێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کاڵا بێنێتە نێو کوردستان و عێراق. ئەمەش کێشە دروست دەکات."
بەڕێوەبەری بەشی کۆمپانیاکانی (ئاڕ تی بانک) روونیکردەوە کە زۆری و ناڕوونیی بەڵگەنامەکان وایکردووە ئاڕ تی بانک سەکۆیەکی دیجیتاڵی دروست بکات و گوتیشی: "بۆ ئەوەی هاوردەکار ناچار نەبێت چەندین جار بێتە بانکەکە بۆ کردنەوەی هەژمار، دەتوانێت هەر لە رێگەی پلاتفۆرمەکەوە بەڵگەنامەکانی خۆی پێشکێش بکات و هەژمارەکەی بکاتەوە. هەروەها لە رێگەی هەمان سەکۆیەوە دەتوانێت لە بەهای فەرمیی دۆلار سوودمەند بێت. ئێمە بە بەهای فەرمی، دینارەکەی بۆ دەکەینە دۆلار و دەیگوازینەوە بۆ ئەو شوێنانەی کاڵای لێوە هاوردە دەکات."
هاوڕێ رەشید ئاماژەی بەوەش کرد: "وەک ئاڕ تی بانک، ئێمە 11 لقمان لە سەرتاسەری عێراق هەیە. ئەم خزمەتگوزارییەمان بۆ هەموو لقەکان و بۆ هەموو پارێزگاکان دەبێت، بەڵام سەرکەوتنی سەکۆکەمان وایکرد خێراتر لە پارێزگاکانی دیکەدا رایبگەیێنین." هەروەها گوتی: "ئەم پلاتفۆرمە تایبەتە بە بازرگانان و هاوردەکاران، بەڵام وەک ئاڕ تی بانک چەندین خزمەتگوزاریی دیکەشمان هەیە کە هاووڵاتیی ئاسایی دەتوانێت لێیان سوودمەند بێت."
ئاسانکاری بۆ حەواڵە دەرەکییەکان و کەرتە ئابوورییەکان
نادر خشێش، بەڕێوەبەری کارەکانی (ئاڕ تی بانک) لە رێوڕەسمەکەدا گوتی: "ئاڕ تی بی هەمیشە درەوشایەوە." ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە مەبەست لە (ئاڕ تی بی مەزاد) ئاسانکردنی حەواڵە دەرەکییەکانە بۆ هەموو بازرگانان و کەرتە ئابوورییەکان کە کاڵا لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکەن و گوتی: "ئەم سەکۆ دیجیتاڵییەمان راگەیاند بۆ ئەوەی ببێتە ئاسانکاری و پشتیوانییەک بۆ هەموو کەرتە ئابوورییەکان لە گواستنەوەی پارەدا بۆ دەرەوەی وڵات لە رێگەی ئاڕ تی بانکەوە."
هەر لە هۆڵی راگەیاندنی پلاتفۆرمەکە لە بەسرە، رەوەند پشتیوان، بەڕێوەبەری پەرەپێدان لە ئاڕ تی بانک بە رووداوی راگەیاند: "دەمانەوێت لەم شارەدا پەرە بە کارەکانمان بدەین." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان "تاکە بانک"ـن لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بتوانن لە رێگەی ماڵپەڕێکەوە پارە بە نرخی فەرمی بۆ دەرەوەی وڵات بگوازنەوە و گوتیشی: "ئەمە تەنیا لە بەسرە نییە، بەڵکو لە هەموو شارەکانی دیکەش هەیە و دەتوانین ئەمە بۆ هەموو بازرگانەکانی عێراق دەستەبەر بکەین."
تەواوکردنی مامەڵەکان بە شێوەی ئۆنڵاین
هاوکات محەممەد نەوزاد، بەڕێوەبەری پەیوەندیی کۆمپانیاکان لە بانکەکە گوتی: "خۆشحاڵین کە ئەم سەکۆیە بە شێوازێکی نوێ پێشكێش بە هاوردەکاران و بازرگانان دەکەین. پێویست ناکات بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکان بێنە بانک و نۆرە بگرن یان بەڵگەنامەکانیان بێنن، کە هەندێ جار کەموکوڕییان تێدایە یان بەشێکیان لەبیر دەکەن، لە بری ئەوە، سەکۆکەمان ئۆنڵاینە. هەنگاوە پێویستەکان یەک بە یەک بۆت روون دەکاتەوە، مەرج و داواکارییەکان چین. دوای ئەوەی کە هەموو ئەمانەت بارکردن (ئەپڵۆد کردن)، تەنیا یەک جار پێویستە سەردانی بانک بکەی بۆ ئەوەی واژۆی بکەیت. لە دوای ئەوەوە، خۆت دەتوانیت لە رێگەی سەکۆکەوە سەیری بکەیت پارەگواستنەوەکەت گەیشتووەتە چ قۆناخێک."
پەیامنێری رووداو لە زاری بەرپرسانی بانکەکەوە باسی لەوە کرد، زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی RT Bankـەوە مووچە وەردەگرن، زیاتر لە 7 هەزار پشکداری هەیە و پتر لە 500 کارمەند لە بانکەکە کار دەکەن.

