رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، هەناردەکردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق بەتەواوی وەستاوە و ئێستا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 د. ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا هیچ بڕە کارەبایەکمان لە هەرێمی کوردستانەوە پێناگات."
رۆژی 16-07-2026 بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی راگیرا، کە بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی 2500 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمیکرد و پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوبەشان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەوە.
سەبارەت بە بڕی ئەو کارەبایەی پێشتر وەریاندەگرت، گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا گوتی، "پێشتر رۆژانە لە رێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە 1400 بۆ 1600 مێگاوات کارەبامان لە هەرێمی کوردستانەوە پێدەگەیشت، بەڵام دوای راگرتنی کارەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئەو کارەبایە بە تەواوی بڕا، چونکە کێڵەگە گازی بۆ ئەو وێستگانەی کارەبا دابین دەکرد."
27ی تەممووزی 2026 کۆمپانیای دان گاز بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنی گەرەنتی لە بەرزترین ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکەن. ئەحمەد تورکی گوتی، "ئێستا لە گفتوگۆ و دانوستاندندان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو کارەبایە دەستپێبکاتەوە،" کە دەدرێتە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین.
لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنان و بەفیڕۆچوونی کارەبا لە عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، "ئێستا لە عێراق نزیکەی 22,000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت، بەڵام 55% بۆ 60%ی ئەو کارەبایە کە دەکاتە نزیکەی 10,000 مێگاوات، بەهۆی خراپیی گواستنەوە، دابەشکردن و ئەو سەرپێچییانەی دەکرێنە سەر هێڵەکان، ون دەبێت."
بە گوتەی ئەحمەد تورکی، وەزارەتی کارەبای عێراق هەوڵ دەدات سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بواری چۆنییەتی دابەشکردنی کارەبا وەربگرێ.
د. ئەحمەد تورکی باسی لەوەش کرد، ئێستا رۆژانە نزیکەی 20,000 مەترسێجا گازیان لە ئێرانەوە پێدەگات بۆ گەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ پێدانی 600 مێگاوات کارەبا بە عێراق کە ماوەیەکە راگیراوە و بڕیارە بەم نزیکانە دەستپێبکاتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئوردن رێککەوتنیان هەیە بۆ پێدانی 250 مێگاوات کارەبا بە عێراق کە لە سەر ئەو بنچینەیە ئێستا نزیکەی 125 مێگاوات کارەبا دەگات؛ بڕیاریشە لەگەڵ کوێت رێککەوتن بکەن بۆ پێدانی بڕە کارەبایەک بە عێراق.
رۆژی 27ی تەممووزی2026 پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی، بە ئامادەبوونی 210 پەرلەمانتار میوانداریی عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراقی کرد و تێیدا پرسی خراپیی دۆخی کارەبای تاوتوێ کرد. وەزیری کارەبا هۆکاری کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای روونکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا رایگەیاند، عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە پێویستی بە 60,000 مێگاوات کارەبایە، بەڵام ئێستا تەنیا سێیەکی ئەو بڕە بەرهەم دەهێندرێت.



