رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە تاڕادەیەکی زۆر جێگیر بوو بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا و لێدوانەکانی کیڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەن، بۆ ئەوەی بزانن سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات.
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا هات و تەنیا چەند دۆلارێک دابەزی، ئۆنسەیەکی گەیشتە نزیکەی 4,025 دۆلار. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی داهاتوو بە رێژەی 0.2% دابەزی بۆ نزیکەی 4,028 دۆلار.
کێلڤن وۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای ئۆاندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "زێڕ پەیوەندییەکی زۆری بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی FOMC (لیژنەی بازاڕی ئازادی فیدراڵی) هەیە. ئەو سیناریۆیەی رەنگە ببێتە هۆی پێچەوانەکردنەوەی دابەزینی ئەم دواییەی نرخی زێڕ، ئەوەیە زمانی لێدوانەکانی بانکی ناوەندی سەبارەت بە سیاسەتی نەختی کەمتر تووند بن."
ئەمڕۆ ئەنجامی کۆبوونەوەی دوو رۆژی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاژێر 09:00ی شەو بە کاتی هەولێر بڵاودەکرێتەوە و کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندییش نیو کاژێر دواتر کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی دەبێت.
پێشبینییەکانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، بە رێژەی 70% ئەگەری هەیە بانکی ناوەندی رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی بهێڵێتەوە و 30% ئەگەری زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25% هەیە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، بەڵام ئەگەرەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی 9 زیاترن و بە رێژەی 76% پێشبینی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی 9دا دەکرێت.
لە هەمان کاتدا، چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی بەریتانیا و بانکی ناوەندیی ژاپۆن بە شێوەیەکی بەرفراوان رێژەی سوودی بانکی بەبێ گۆڕانکاری بهێڵنەوە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا.
زێڕ وەک پەرژینێک لە دژی هەڵاوسان دەبیندرێت، بەڵام لە ژینگەیەکدا کە رێژەی سوودی بانکی بەرز بێت، ئەو تایبەتمەندییەی خۆی لەدەستدەدات.




