رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەست بە هەوڵەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، رۆژی هەینی نرخی نەوت دابەزی.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 4% دابەزی و بە 96.78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داخرا. هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 3% دابەزی و بە 89.31 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
سێ سەرچاوە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، هەوڵەکانی پاکستان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەلایەن چینەوە پشتگیری دەکرێت. بەرپرسێکی حکومەتی پاکستان بە رۆیتەرزی گوتووە، "چینییەکان دڵخۆش نین، چونکە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دیکەی کەنداو و داخستنی تەنگەی هورمز زیان بە بەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنێت."
لە کاتێکدا جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر پەرەی سەندووە، نەوتی خاوی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا نزیکەی 8% و نەوتی برێنت نزیکەی 10% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. بەرەبەیانی رۆژی هەینی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) 13یەمین شەوی لەسەریەکی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران تەواو کرد، تێیدا ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆڕەکانی پەیوەندی، شوێنەکانی چاودێریی کەناراوەکان و تواناکانی دەریایی کردە ئامانج.
سێنتکۆم رایگەیاندووە، ئامانجی هێرشەکان کەمکردنەوەی زیاتری ئەو هەڕەشانەیە کە ئێران بۆ سەر دەریاوانانی مەدەنی و کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزدا دروستی دەکات. هەروەها سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکە سەرەڕای هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسدارانی ئێران، بە کراوەیی دەمێننەوە."
زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی ئێستا لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە بە (Axios)ی راگەیاندووە، بیر لە "هێرشێکی گەورە" دەکاتەوە بۆ سەر ئێران دوای ئەوەی ململانێکان گەیشتنە بەرەیەکی نوێ لە دەریای سووردا. ترەمپ گوتی، هێرشەکان لە هەرچییەک کە تاوەکو ئێستا لە شەڕەکەدا بیندراوە "گەورەتر دەبن" و ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێران هێشتا ئازاری پێویستی نەچشتووە."
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بنکەیەکی ئەو وڵاتە لە ئوردن.
دانیێلا هاتۆرن، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە ماڵپەڕی (Capital.com) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ناسەقامگیری لە رێڕەوە بازرگانییە سەرەکییەکان مەترسیی جیۆپۆلیتیکی گەورەی بۆ بازاڕی نەوت دروستکردووە.
ئەو شارەزایە باسی لەوەش کردووە، "بەردەوامیی پەککەوتنی کەشتییەکان لە دەریای سوور نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بازرگانیی جیهانی و ئاسایشی وزە زیاتر کردووە."


.jpeg&w=3840&q=75)

