رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 30 کرێکاری کێڵگەی نەوتی تەقتەق دوای دوو ساڵ لە ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە، هێشتا لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەدان بۆ سەر کارەکانیان. قایمقامی کۆیە و سەرچاوەیەکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێن، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ کەمتر لە پێنج هەزار بەرمیل، هۆکاری سەرەکیی وەرنەگرتنەوەیانە.
یەکێک لەو کرێکارانە کە پێشتر لە کۆمپانیای (TTOPCO) کاری کردووە و ئێستا نێردراوەتەوە ماڵەوە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پێش راگرتنی هەناردەی نەوت، 120 کرێکار بووین، بەڵام دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، کۆمپانیا تەنیا 40 کەسی بانگ کردووەتەوە. ئێمە ئێستا لە دۆخێکی خراپی بژێویداین و داوا دەکەین یان بانگمان بکەنەوە یان وەک هاوکارەکانمان قەرەبوومان بکەنەوە، کە بڕەکەی لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن دینار بووە."
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، لەسەر ئەم کێشەیە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیا دەڵێت ناتوانێت خەڵکێک بانگ بکاتەوە کە کاریان نەبێت؛ چونکە قەبارەی بەرهەمهێنانی کێڵگەکە وەک خۆی نەماوە و زۆر کەم بووەتەوە. بەڵام دڵنیاییان داوین کە لە کاتی پێویستیدا تەنیا ئەو کرێکارانە بانگ دەکەنەوە کە خاوەن ئەزموونن و پێشتر لای ئەوان کاریان کردووە."
هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە رووداوی گوت: "لە ساڵانی پێشوودا ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەی تەقتەق گەیشتە نزیکەی 140 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنانی رۆژانە تەنیا لە نێوان 3500 بۆ 4500 بەرمیل دایە." هەر بەو هۆیەوە کۆمپانیا ناتوانێت وەک پێشتر کارمەندی زۆری هەبێت.
کێڵگەی نەوتی تەقتەق، مێژووییەکی دێرینی هەیە و یەکەم کێڵگەی هەرێمی کوردستانە کە لە 17ی تەممووزی 2002 گرێبەستی نەوتی بۆ واژۆ کراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی دابەزینی ئاستی بەرهەم و راگرتنی هەناردەی نەوت، زۆرینەی کارەکانی پەکیکەوتووە.

