رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران و لیستی مووچەی مانگی تەممووز رەوانەی بەغدا دەکرێن، ئەوەش بە مەبەستی دەستپێکردنی رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە، لیستەکە لەلایەن شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە دەبرێتە عێراق و رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت".
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، کارەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیش تەواو بوون؛ ئەویش لەگەڵ لیست بۆ بەغدا دەنێردرێت.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵدەدەین زوو رێکارەکان تەواو بکەین تاوەکو مووچەی فەرمانبەران دوا نەخرێت و لە کاتی خۆی دابەش بکرێت."
بۆ مووچەی مانگی حوزەیران 13-7-2026، لیستی مووچە بڵاوکرایەوە؛ رۆژی 15-07-2026 یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچە بوو، لە ماوەی سێ رۆژ سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرت.

