رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت بۆ چوارەم رۆژی یەک لەدوای یەک بەرزبووەوە، ئەمەش دوای شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران کە بووە هۆی زیادبوونی مەترسییەکان لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر و پچڕانی دابینکردنی وزە لە تەنگەی هورمز.
ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، دوای سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران، هێرشیکردە سەر پێگەی مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە. لە بەرامبەردا، ئێران هەڕەشەی زیاتری لەسەر دامەزراوەکانی وزەی ناوچەکە کرد و رایگەیاند لە "جەنگێکی مان و نەمان"دایە لەگەڵ ئەمریکا.
نرخی نەوتی برێنت 33 سەنت، یان 0.04٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 85.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەکاتێکدا نرخی نەوتی سووکی تەکساس 42 سەنت، یان 0.5٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 80.02 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هەردوو نرخی نەوتی سووکی تەکساس و برێنت رۆژی چوارشەممە نزیکەی 0.3٪ بەرزبوونەوە و نزیکبوونەوە لە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردوویا خۆیان.
هیرۆیۆکی کیکۆکاوا، گەورە شرۆڤەکاری کۆمپانیای (Nissan Securities Investment) رایگەیاند، "لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خواست بۆ کڕینی نەوت بەرزبووەتەوە."
هەروەها گوتی، "ئەگەرچی هەوڵەکانی ناوبژیوانی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بەردەوامە و رای گشتی وایە جەنگێکی گشتگیر دوورە، بەڵام بەپێی پەرەسەندنی جەنگەکە، رەنگە نرخی نەوتی تەکساس بۆ 80 تا 87 دۆلار بەرزبێتەوە."
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەفتەی رابردوو دووبارە سەریان هەڵدایەوە، ئەمەش ئاگربەستە لەرزۆکەکەی مانگی حوزەیرانی تێکدا کە دوای چەند مانگێک لە جەنگ هاتبووە ئاراوە.
شارەزایان دەڵێن، ئێران ئاماژەی بەوە کردووە رەنگە هاوپەیمانە حووسییەکانی لە یەمەن بەکاربهێنێت بۆ داخستنی دەروازەی بابولمەندەب لە دەریای سوور، ئەمەش بەرەیەکی نوێ دژی واشنتن دەکاتەوە و دوو لە گرنگترین شادەماری وزەی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.
بانکی گۆڵدمان ساکس رایگەیاند ئەگەر هەناردەی کەنداو دووبارە پەکی بکەوێت، رەنگە نرخی نەتی برێنت لە چارەکی چوارەمدا لە 110 دۆلار تێپەڕێت، بەڵام ئەگەر گرژییەکان خاو ببنەوە و بەرهەمهێنان خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت چاک ببێتەوە، رەنگە تا کۆتایی ساڵ نرخەکەی بۆ ئاستی 60 دۆلار دابەزێت.
.jpg&w=3840&q=75)


