رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکى چینى واژۆ دەکات بۆ رووپێوى بۆ دۆزینەوەى بیرى نەوت لە سنوورى پارێزگاى موسەننا.
گرێبەستەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ى تەمووزى 2026، لەنێوان نەسیر عەزیز، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى دەرهێنان و نوێنەرانى کۆمپانیاى زینهواى چینی لە بەغدا واژۆ کرا.
بەگوێرەى راگەیێنراوێکى وەزارەتى نەوت، ئەو گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکە بۆ رووپێوییە لە رێگەى تەکنەلۆژیاى نوێوە بۆ دۆزینەوەى بیرى نەوت لە سنوورى پارێزگاى موسەننا.
بەشێکى گرێبەستەکە ئامادەکردنى زانیاریى تەکنیکیى پێویستە، بۆ پەرەپێدانى کێڵگەکانی نەوت و هەڵسەنگاندنى پێکهاتەى جیۆلۆجیى کێڵگەکانى سنوورى ئەو پارێزگایەیە.
دوو پێگەی نەوتی لە سنووری پارێزگای موسەننا هەن، کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە هەشت ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان تێدابێت، بەڵام هێشتا لە هیچ کاتێکدا لەو دوو پێگەیە نەوت دەرنەهێنراوە.
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، گرێبەستەکەیان لەگەڵ کۆمپانیاى زینهواى چینی بەشێکە لە گرێبەستەکانى گەڕى شەشەم و هاوپێچی گەڕى پێنجەمى وەزارەتەکە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانى نەوت و گاز.




.jpg&w=3840&q=75)