رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران، لە وەڵامی دووبارە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، هەڕەشەی داخستنی رێگەی هەناردەکردنی نەوت و گازی ناوچەکە دەکات و دەڵێ، "هەناردەکردنی نەوت و گازی ناوچەکە یان بۆ هەمووانە یان بۆ هیچ کەسێک نییە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشەی ئەوەی کرد، لە ئەگەری بە داخراو مانەوەی رێگەی هەناردەکردنی نەوت و گازی ئێران، کۆسپ و تەگەرە لەسەر رێگەی هەناردەکردنی نەوت و گازی وڵاتانی دیکە و هاوپەیمانانی ئەمریکا دروست دەکات.
سوپای پاسداران دەڵێ، سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو بە بڵاوەپێکردنی هێزە دەریاییەکانی لە زەریای هیندیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی کردووە، بەڵام رێگە زەریاییەکانی لەسەر کەشتییەکان داخستووە و جیهانی لە نەوت و گازی ناوچەکە بێبەش کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە ئۆپەراسیۆنی بەربەیانی ئەمڕۆ، وەڵامی "سەرکێشییەکانی" ئەمریکای داوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، "با دووژمن بزانێت ئێستا کە چەتەکانی رێگەی هەناردەکردنی نەوت و گازیان بۆ جیهان لە زەریای هیندییەوە گرتووە ــ کە بەرژەوەندیی رکابەرە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە ــ دەبێت چاوەڕوانی داخرانی رێڕەوەکانی دیکەی هەناردەکردنی نەوت و گاز بن کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دابین دەکەن."
سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، "هەناردەکردنی نەوت و گازی ناوچەکە یان بۆ هەمووانە یان بۆ هیچ کەسێک نییە."
هەڕەشەی سوپای پاسداران بۆ راگرتنی هەناردەی نەوت و گازی ناوچەکە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، بە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکەی جەنگییەوە، گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێرانی دەستپێکردووەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
