رووداو دیجیتاڵ
باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت واژۆ کراوە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا و کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی، وەزیری نەوتی عێراق کە ئێستا بە یاوەریی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکایە راگەیاند، "رێککەوتنێکی سێقۆڵیمان واژۆ کردووە لەنێوان هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوت و ئەو کۆمپانیایانەی لە عێراق کار دەکەن؛ ئەو رێککەوتنە رێگە دەدات نەوت تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بە میکانیزمی سۆمۆ هەناردە بکرێت."
باسم محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا گفتوگۆکانیان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە، "گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە هەیە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگانەی دەکەونە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت."
گرێبەستی HKN لە کێڵگەی حەمرین
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، هەندێک لەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی دیکەی عێراقیش دەکەن و گوتی، "هەندێک کۆمپانیا دەرفەتی وەبەرهێنانیان بەدەستهێناوە، وەک کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی کە گرێبەست لەگەڵ عێراق واژۆ دەکات لەبارەی کێڵگەی حەمرین."
"کۆمپانیاکان هاوبەشمانن نەک بەڵێندەر"
باسم محەممەد خزەیر، دووپاتی لە پشتیوانیی حکومەتی عێراق بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کردەوە و گوتی، "پشتیوانیی هەموو ئەو کۆمپانیایانە دەکەین کە لە عێراق کاردەکەن، چ ئەمریکی بن یان ئەوروپی یان هەر کۆمپانیایەکی دیکە."
وەزیری نەوت، تێڕوانینی ستراتیژیی وەزارەتەکەی بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان روونکردەوە و رایگەیاند، "ئەو کۆمپانیایانەی لە کەرتی نەوت و گاز کاردەکەن، بە هاوبەشی خۆمانیان دەزانین نەک تەنیا وەک بەڵێندەر."


