رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند، بەغدا رەزامەندیی دا لەسەر درێژکردنەوەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 3 رۆژی دیکە. ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیار بوو سبەی چوارشەممە پرۆسەکە کۆتایی بێت.
رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزی 2026، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی هێشتا بەشێک لە جووتیاران گەنمەکانیان رادەست نەکردووە، داوامان لە بەغدا کرد وادەکە بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان درێژ بکرێتەوە و ئەوانیش ئەمرۆ رەزامەندییان دا."
لە 12ـی مانگی رابردووەوە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستیپێکردووە. میران بەختیار دەڵێت:"تاوەکو 18-7-2026، درێژکرایەوە".
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر لەبارەی ئامارەکانی وەرگرتنی گەنمی گوتی، تاوەکو ئەمرۆ لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر نزیکەی 120 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە. هەروەها لە فەرمانگەکانی کشتوکاڵی دیبەگە و گوێر نزیکەی 62 هەزار تۆن وەرگیراوە، کە بە تێکڕا دەکاتە 182 هەزار تۆن گەنم.
میران بەختیار باسی لەوەکرد، کە ئەمە یەکەم جارە وادەی وەرگرتنی گەنم درێژ بکرێتەوە و گوتی: "ئەمە کۆتا دەرفەتە و چیتر وادەکە درێژ ناکرێتەوە، بۆیە داوا لە جووتیاران دەکەین لەوماوەیدا گەنمەکانیان رادەست بکەن."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.




