رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخەکانی نەوت نزیكەی 3% بەرزبوونەوە بۆ بەرزترین ئاستیان لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، هاوکات هەردوو وڵات هێرشەکانیان لە تەنگەی هورمز تووندتر کردووە، ئەمەش ناڕوونییەکی زۆری لەبارەی تەوژمی وزە دروست کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە بڕی 1.50 دۆلار یان 1.18% زیادی کرد و گەیشتنە 84.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە بڕی 1.70 دۆلار یان 2.2% بەرزبووەوە بۆ 79.84 دۆلار.
ئێستا نرخەکانی نەوت لە بەرزترین ئاستیی خۆیان دان لەوەتەی هەردوو وڵات لە 17ی حوزەیراندا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کردووە.
سوپای ئەمریکا بۆ سێیەم شەوی لەسەریەک هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆی سەر کەشتیوانی ئێرانی گەڕاندەوە و پێشنیاری سەپاندنی باجی 20%ی کرد بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز.
تیم واتێرەر، سەرۆکی شرۆڤەکارانی بازاڕ لە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە، لەوانەش گەڕاندنەوەی گەمارۆکە لەلایەن ئەمریکاوە و وەڵامەکانی ئێران، بە روونی مەترسی نوێیان خستووەتە ناو بازاڕەوە. هەرچەندە تەنگەکە بە تەواوی دانەخراوە، بەڵام ئامانجە دژبەیەکەکانی هەردوولا وێنەی دابینکردنی نەوتیان زۆر ناڕوون کردووە."
لە نێوەڕاستی ئەم هێرشانەدا، وەزارەتی بەرگری ئیمارات رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە دوو کەشتی نەوتی ئیماراتی لە رێڕۆی باشووری تەنگەی هورمز لە نێو ئاوە هەرێمییەکانی عومان دا، بە دوو مووشەکی کرووزی ئێرانی پێکراون، کە بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامێکی تیمی کەشتییەکە کە رەگەزنامەی هیندی هەبووە و برینداربوونی 8 کەسی تریش.
داتاکانی کەشتیوانی رۆژی دووشەممە نیشانیاندا کە ژمارەی ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن لە ڕۆژی رابردوودا بۆ نزمترین ئاستی دوو مانگی ڕابردوو دابەزیوە.
پریانکا ساچدیڤا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (Phillip Nova) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "گۆڕانکارییە سەرەکییەکە کە دەبێت چاودێری بکرێت، جووڵەی فیزیکی نەوتی خاوە بە ناو تەنگەی هورمزدا. هەر ڕێگرییەکی جدی لە جووڵەی تانکەرەکان یان پەککەوتنی هەناردە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت."
لەلایەکی دیکەوە، حوسییەکانی یەمەن مووشەکیان ئاراستەی سعودیە کرد دوای ئەوەی شانشینەکەیان بە بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەیەکی ژێر کۆنترۆڵی ئەوان تۆمەتبار کرد. سایمن وۆنگ، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە (Gabelli Funds) رایگەیاند: "ئەگەر حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە دەریای سوور فراوان بکەن، ئەوا دەبێتە هۆی ناڕوونی زیاتر لە تەوژمی نەوتی ناوچەکە."



