رووداو دیجیتاڵ
خاوەن نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە دهۆک رایدەگەیێنێت، ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگاکە لە پێویستیی بازاڕ زیاترن، بەڵام نرخەکانیان لەگەڵ توانای دارایی خەڵکدا ناگونجێن. هاوکات هۆشداری لە مامەڵەکردن بە خانووبەرە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەدات و بە "مەترسیدار" ناوی دەبات.
نەدیار دۆسکی، خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەبارەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دهۆک، رێژەیەکی یەکجار زۆر یەکە دروستکراون؛ 38 پڕۆژەی نیشتەجێبوون، نزیکەی 16 تاوەر و 8 پڕۆژەی ڤێلا هەن. بەگشتی رێژەی شوقە لە ژمارەی پێویستی شارەکە زیاترە، بەڵام نرخەکانیان زۆر بەرزن."
نەدیار دۆسکی ئاماژەی بە جیاوازیی گەورەی نێوان تێچووی دروستکردن و نرخی فرۆشتنی یەکەکان دەکات و دەڵێت: "ناکرێت شوقەیەک کە 4 بۆ 5 دەفتەر دۆلاری تێچووبێت، بە 10، 12 یان 15 دەفتەر دۆلار بفرۆشرێت. پێویستە ئەم گرانییە نەمێنێت. وەبەرهێنەران سەرەڕای ئاسانکارییەکانی حکومەت، تەنیا بەدوای قازانجی زۆرەوەن و ئەمەش بووەتە بارگرانی بۆ سەرشانی خەڵک."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2006ـەوە 44 مۆڵەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە دهۆک دراون، کە 5 هەزار خانوو و 40 هەزار شوقە لەخۆدەگرن. ئەمە لەکاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک ماوەی چوار ساڵە مۆڵەتی نوێی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون راگرتووە.
ئەو خاوەن نووسینگەیە نیگەرانیی خۆی لەبارەی کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لەسەر بازاڕی خانووبەرە نیشاندا و گوتی: "سۆشیاڵ میدیا بە رێژەی 80% کاریگەریی لەسەر بازاڕی دهۆک داناوە. هەر کەسێک لە ماڵی خۆیەوە هەژمارێک دروست دەکات و وێنەی موڵکێک دادەنێت و نرخێکی بۆ دیاری دەکات، ئەمەش زیانی گەورەی بۆ کڕیار و فرۆشیار هەیە."
نەدیار دۆسکی جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە کاتی دروستبوونی کێشە لە مامەڵە ئۆنلاینەکاندا، هیچ گەرەنتییەک بۆ کڕیار نییە و دەڵێت: "ئەگەر سبەی کێشەیەک رووبدات، کڕیار چۆن بەدوای مافی خۆیدا بگەڕێت؟ رەنگە ئەو ئەکاونتەی سناپچات یان ئینستاگرامە نەمێنێت. بەڵام کاتێک مامەڵە لە نووسینگەیەکی فەرمیدا دەکرێت، مافی هەردوولا پارێزراوە."
دۆسکی داوای کرد سنوورێک بۆ مامەڵە بێسەروبەرەکانی خانووبەرە لە سۆشیاڵ میدیا دابنرێت تاوەکو هاووڵاتییان نەبنە قوربانیی ئەو جۆرە کڕین و فرۆشتنانەی کە هیچ گەرەنتییەکی یاساییان نییە.



