رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەی زیاتر لە مانگێک بەرزبوونەوە، لەم هەفتەیەدا بە بڕی کەم نرخی بەنزین لە هەولێر بەرەو دابەزین دەچێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان دەڵێ، لە چەند بەنزینخانەیەک لیتری بەنزین کراوە بە هەزار دینار.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەنزین بە کۆ لیتری 925 بۆ 940 دینارە و لە بەشێکی بەنزینخانەکان لیتری دابەزیوە بۆ هەزار دینار".
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، لەگەڵ تەواوبوونی بەنزینی پێشتری بەنزینخانەکان، نرخەکە لە هەموو بەنزینخانەکان بە رێژەی جیاواز دادەبەزێ.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە 20 بەنزینخانەی سنووری هەولێر، بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێ لیتری بە 750 دینار.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە. رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لە 6ـی تەمموزەوە نرخەکە لە هەولێر بە پلەبەندی رووی لە دابەزین کردووە و لە سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ جێگیرە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، 04ـی تەمموزی 2026 دەقی نووسراوێکی بڵاوکردەوە، کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش - هەولێر و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ ئەوەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بدرێ.
لە هەرێمی کوردستان بۆ هاوسەنگیی نرخ، حکومەت بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکات، کە لیترێک نۆرماڵ بە 750 دینارە، بەڵام شوفێران دەبێت نۆرەی بۆ بگرن، کە هەندێکجار زیاتر لە سێ کاژێر نۆرە دەگرن تاوەکو بەنزینیان بەردەکەوێت.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، بەنزینی بازرگانیی موحەسەن و سوپەر لە هەرێمی کوردستان هەن؛ نرخی لیترێکیان لە هەزار و 300 دینارەوە دەستپێدەکات.


