رووداو دیجیتاڵ جێگری پارێزگاری بەسرە دەڵێ، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی پارێزگاکەی 2.9 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانە نزیکەی 800 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە لەڕێگەی بەندەرەکانی جەیهان و بانیاسەوە هەناردە دەکرێ. رۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، زەید موئەیەد، جێگری پارێزگاری بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەناردەکردنی نەوتی بەسرە تەنیا لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە نییە، بەڵکو لە رێگەی تانکەرەکانەوە بەرەو سووریا و بەندەری بانیاس، هەروەها بە ئاراستەی هێڵی کەرکووک بۆ هەناردەکردن لە رێگەی جەیهانەوە دەگوازرێتەوە." جێگری پارێزگاری بەسرە ئاشکرای کرد کە قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لەڕێگەی ئەم هێڵ و دەروازە جێگرەوانەی هورمزەوە، گەیشتووەتە نزیکەی 800 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. زەید موئەیەد گوتی: "تێکڕای بەرهەمهێنان لە بەسرە لە 2.5 بۆ 2.6 ملیۆن بەرمیل لە مانگی ئادار بۆ 2.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە." سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی وزە، جێگری پارێزگاری بەسرە باسی لە پڕۆژەی وەبەرهێنانی گاز کرد و گوتی: "پڕۆژەیەکی سێ ساڵەمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسی هەیە و کارەکانی بەردەوامن. لە دوو ساڵی داهاتوودا سەرجەم ئەو گازە هاوەڵەی لە کاتی دەرهێنانی نەوتدا دەسووتێت وەبەرهێنانی تێدا دەکرێ و دەردانی کاربۆنیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکرێتەوە." بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو، لە مانگی ئابدا 70 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
ئابووری27-09-2026هەڵاوسان لە عێراق لە مانگی ئابدا 3.3٪ بووە؛ بزانە نرخی پێداویستییەکان چۆن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە