رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە 14 دۆلار دابەزی و بە 4060 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بانکی ئەمریکاش پێشبینییەکانی بۆ نرخی کانزاکە کەمکردەوە.
گرژییە نوێیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی نەوتیان بەرزکردەوە، ئەوەش نیگەرانییەکانی لەبارەی زیادبوونی هەڵاوسان و مانەوەی رێژەی سوود لە ئاستێکی بەرزدا زیاتر کرد.
سوپای ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە هێرشی نوێی کردووەتە سەر ئێران بۆ ئەوەی تەنگەی هورمز بە کراوەیی بهێڵێتەوە، ئێرانیش بە هێرشکردنەسەر بەحرێن و کوێت وەڵامی دایەوە. ئەمڕۆش سێنتکۆم کۆتاییهاتنی هێرشەکەی راگەیاند.
کێلڤن وۆنگ، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای ئواندا رایگەیاند، "ئەو هۆکارەی پشتگیری لەم رەوتی دابەزینەی زێڕ دەکات، چاوەڕوانیی بازاڕە بۆ دووەمجار زیادکردنی رێژەی سوود لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە، کە رەنگە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا رووبدات."
ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی، "دوای پێکدادانەکەی دوێنێ، رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی نێوان ئەمریکا و ئێران ئێستا لەسەر بنەمایەکی لەرزۆکە، بۆیە رەنگە دۆخەکە جارێکی دیکە ناجێگیر بێتەوە."
ئێستا بازرگان و وەبەرهێنەران پێیانوایە کە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا بە رێژەی 68٪ ئەگەر هەیە رێژەی سوود لە ئەمریکا زیادبکرێت، لە مانگی یەکی ساڵی داهاتووش رێژەکە بە 87٪ دادەنێن.
هاوکات بانکی ئەمریکا (Bank of America) رایگەیاند کە پێشبینی خۆی بۆ تێکڕای نرخی زێڕ لە ساڵی 2026 بە رێژەی 14% کەم دەکاتەوە بۆ 4,360 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، هۆکارەکەشی بۆ تووندکردنی سیاسەتی نەختینەیی لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکا گەڕاندەوە.


.jpg&w=3840&q=75)