رووداو دیجیتاڵ
دۆخی تەنگەى هورمز و بەردەوامیی شەڕی سعودیە و حووسییەکان کە کاریگەری لەسەر بەندەرەکانی دەریای سوور و بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای سعودیە هەبووە، دابینکردنی وزەی جیهانی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی بێ پێشینە. تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ کاریگەریی ئەم قەیرانە لەسەر دوو لە گەورەترین ئابوورییە پیشەسازییەکانی ئاسیا کردووە؛ کۆریای باشوور و تایوان.
لە دوو لێدوانی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتەکانی بازرگانی، پیشەسازی و سەرچاوەکانی کۆریای باشوور و وەزارەتی کاروباری ئابووریی تایوان وردەکاریی رێوشوێنە بەپەلەکان، یەدەگی ستراتیژی و پلانی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی نەوتیان ئاشکرا کرد.
سیئۆل: یەدەگی ستراتیژیمان کارا کردووە
کۆریای باشوور کە نزیکەی 70%ـی نەوتی خاوەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاوردە دەکات و بەشێکی زۆری ئەو نەوتە پێش جەنگ بە تەنگەى هورمزدا تێدەپەڕی، ئێستا هەوڵ دەدات کێشەکانی بواری وزەی چارەسەر بکات.
مینسیۆپ کیم، جێگری بەڕێوەبەری بەشی سیاسەتی ئاسایشی سەرچاوەکان لە وەزارەتی بازرگانی، پیشەسازی و سەرچاوەکانی کۆریای باشوور و بەرپرسی دابینکردنی نەوت و گاز، لە وەڵامێکدا بۆ رووداو رایگەیاند: "حکومەتی کۆریای باشوور لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ چەندین وڵات و هەوڵی چڕیش دەدات بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە. زیاتر لە 90٪ـی بڕی هاوردەی نەوتی خاوی ساڵی رابردوو، بۆ مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم دەستەبەر کراوە."
سەبارەت بە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگەکە و رێوشوێنەکانی حکومەتی وڵاتەکەی، ئەو بەرپرسەی کۆریای باشوور ئاشکرای کرد کە دەستیان بە بەرنامەیەکی نوێ کردووە و گوتی: "حکومەت بەرنامەیەکی بۆ سوودوەرگرتن لە یەدەگی ستراتیژیی نەوت دەستپێکردووە بۆ وەڵامدانەوە و قەرەبووکردنەوەی هەر پچڕانێکی کاتی لە دابینکردندا."
ئەمە واتە، حکومەت بەشێوەیەکی کاتی و وەک قەرز، پەنا بۆ یەدەگی نەوت دەبات، نەک بەکارهێنانی یەکجاری.
لە کەرتی گازی سرووشتی و پترۆکیمیاییدا کە ئابووریی کۆریای باشووری لەسەر راگیراوە، کیم بە رووداوی گوت: "بڕی پێویستی گازی سرووشتیی شلکراوە وەک جێگرەوەی گازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستەبەرە و چاوەڕوان دەکرێ دابینکردنی گاز بۆ ناوخۆ لە وەرزی زستانی ئەم ساڵدا بە سەقامگیری بمێنێتەوە. هاوکات بڕی پێویستی نەوتی سووک بۆ مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم بێ کێشە مسۆگەرە و بە وردی چاودێریی گرێبەستەکان دەکرێ."
سەبارەت بەوەی ئایا کۆریای باشوور دەڕوانێتە هاوردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان یان لە بەندەرەکانی تورکیاوە، بەرپرسەکەی سیئۆل ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا لەبار نییە ناوی وڵاتی دیاریکراو بێنین و ئامانجەکە فرەچەشنکردنە."
تایوان: یەدەگی نەوتمان لە یەدەگی پار زیاترە
لە تایوانیش کە یەکێکە لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی دروستکردنی چیپی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا و نزیکەی 70%ـی نەوتی خاو و زیاتر لە 38%ـی گازی شل لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەگوازێتەوە، مەترسییەکان کەمتر نین.
ئیدارەی وزە لە وەزارەتی کاروباری ئابووریی تایوان بە رووداوی راگەیاند، دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، تیمی ئەرکدار بۆ باری نائاسایی وزە پێکهێندرا و دەڵێ: "لە وەڵامی پەرەسەندنی ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانە پێکدادانی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و ئێران، شەڕی تووندی نێوان سعودیە و حووسییەکان و دابەزینی بەرچاوی قەبارەی کەشتیوانی لە هەردوو تەنگەکە (هورمز و بابولمەندەب)، تیمی ئەرکی فریاگوزاری بە وردی چاودێریی گۆڕانکارییەکانی هێڵەکانی گواستنەوە و هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکان دەکات."
وەزارەتی ئابووریی تایوان دڵنیایی دا لەوەى دۆخی دوورگەکە پارێزراوە و گوتی: "یەدەگی پارێزراوی نەوت لە تایوان نەوەک تەنیا لە سەرووی مەرج و رێژە یاساییە دیاریکراوەکانە، بەڵکو تەنانەت لە ئاستی هەمان ماوەی ساڵی رابردووش بەرزترە. دابینکردنی نەوت بۆ تایوان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە."
ئیدارەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پەنا بۆ کڕینی خێرا لە بازاڕی نەوتی ئازاد و گرێبەستی مامناوەند و درێژخایەن لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبەن تاوەکو رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ ماڵان و کارگەکان بکەن، لەگەڵ پەرەپێدانی وزەی پاکی با و خۆر بۆ سەربەخۆیی وزە.
لە وەڵامی پرسیاری رووداودا سەبارەت بەوەی کە ئایا نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانێت ببێتە بەشێک لە هاوکێشەی وزەی تایوان بۆ خۆبەدوورگرتن لە هورمز، وەزارەتی ئابووریی تایوان رایگەیاند: "ستراتیژیی ئێمە فرەچەشنکردن و گرتنەبەری رێگەی فرەلایەنەیە. لەبەر ئەوە، بە وریاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ مەودایەکی فراوانتر لە سەرچاوە و دابینکەرانی نەوت دەکەین کە لەگەڵ تایواندا بگونجێن."


