رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێ و کێشەیان لە پارەی کاش هەیە.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی داراییدا هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ نەبوونی پارەی پێویستی کاش گەڕاندەوە و رایگەیاند، "هەرکاتێک پارەی کاشی تەواویان بەردەست بێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن."
ئەوە لەکاتێکدایە، عێراق مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی خۆی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە وەزیری دارایی عێراقیان گوتووە کە بۆچی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی عێراق خەرج کراوە و تەنیا هی هەرێمی کوردستان ماوە، ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاری نەکرد.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی باسی لە سێ ئاستەنگ کرد کە بوونەتەهۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش:
یەکەم: گرفتی کەمیی پارەی کاش (نەختینە)؛ وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا تەنیا نیوەی پارەی پێویست بۆ مووچەیان کۆکردووەتەوە و سەرقاڵی دابینکردنی نیوەکەی دیکەن.
دووەم: بابەتی داهاتی نانەوتی؛ هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بڕی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی رادەستی بەغدا نەکردووە.
سێیەم: گوشاری یاسایی و پەرلەمانی؛ عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەت کردووە و تێیدا پرسیاری کردووە: "چۆن بێ پابەندبوونی هەرێمی کوردستان مووچە رەوانە دەکەن؟" وەزارەتیش سەرقاڵی وەڵامدانەوەی ئەو نووسراوەیە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، هەرچەندە وەزیری دارایی دووپاتی کردەوە کە مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ ناردنی پارەکە رانەگەیاند.



.jpg&w=3840&q=75)