رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە کەمێک لە زیانە گەورەکەی شەوی رابردووی خۆی قەرەبوو کردەوە. دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، نرخی زێڕ ناجێگربوونەوەی بەخۆوە بینییەوە.
لە کاتێکدا دوێنێ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 4180 دۆلارەوە دابەزی بۆ نزیکەی 4090 دۆلار، ئەمڕۆ کەمێک خۆڕاستکردنەوە بە نرخی کانزای زەردەوە دیارە و ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4126 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی دووبارە زیاد کردووە، بەتایبەتی لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، کە ئەمڕۆ بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوەتەوە و ئۆنسەیەک گەیشتووەتە نزیک 4126 دۆلار.
نرخی کانزای زەرد لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئاب بە 4136 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئیلیا سپیڤاک شارەزای بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "جارێکی دیکە ترس لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان سەریهەڵداوەتەوە."
ئەو شارەزایە دەشڵێت، "بەهای قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دابەزین و بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ."
بەپێی رووپێوەکان، بازرگانان ئێستا چانسی بەرزکردنەوەی سوود لە مانگی ئەیلوولدا بە زیاتر لە 63% دەبینن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە ئەو رێژەیە 57% بوو. وەبەرهێنەران چاوەڕێی کۆنووسی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن بۆ وەرگرتنی ئاماژەی نوێ دەربارەی داهاتووی رێژەی سوود لە ژێر سەرۆکایەتیی کێڤن وارش.


