رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت نزیكەی 2% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئێران و دووبارە سزای بەسەر فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران دا سەپاند. هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ترسی ئەوەی دروستکرد ئاگربەستەکەی نێوانیان هەڵبوەشێتەوە و دابینکردنی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووبارە پەکی بکەوێت.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکان وەک وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سێ کەشتیی بازرگانی لەکاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا.
نرخی نەوتی برێنت 1.38 دۆلار یان 1.9% بەرزبووەوە و گەیشتە 75.54 دۆلار. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە بڕی 1.37 دۆلار یان 1.9% بەرزبووەوە و گەیشتە 71.81 دۆلار.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی سێشەممە نزیكەی 3% بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی ئەمریکا مۆڵەتی گشتیی رێگەپێدان بە فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە. ساوڵ کاڤۆنیک، سەرۆکی لێکۆڵینەوە لە دامەزراوەی (MST Marquee) رایگەیاند، "ئاڵۆزییەکانی ئێستا وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ بازاڕ، کە تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا هێشتا چەند هەستیار و پڕ مەترسییە."
ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشی سەر کەشتییەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام قەتەر ئێرانی تۆمەتبار کردووە، لەوانەش هێرش بۆ سەر کەشتییەکی گازی سرووشتیی قەتەری کە بە درۆن پێکراوە. هەروەها سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، کەشتییەکی نەوتی سعودی بەناوی "وەدیان" لە نزیك کەناراوەکانی عومان زیانی بەرکەوتووە.
ئێران جەخت لە کۆنترۆڵکردنی تەنگەکە دەکاتەوە و فەرمانی بە کەشتییەکان کردووە رێڕەوی نزیك کەناراوەکانی ئەو بەکاربهێنن، لە کاتێکدا ئەمریکا پێداگری دەکات کە دەبێت رێڕەوەکە وەک پێش جەنگ بە کراوەیی بمێنێتەوە.


