رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی حکومەتی عێراق بۆ رێگریکردن لە هەناردەکردنی کارتۆن بۆ هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی راوەستانی کاری حەوت کارگەی ریسایکلین و بێکاربوونی دەیان کرێکار و کاسبکار لە شاری کەرکووک.
سامر عەدای، پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ و باوکی پێنج منداڵە، یەکێکە لەو کاسبکارانەی کە بژێویی ژیانی لەسەر کۆکردنەوە و فرۆشتنی کارتۆن و پلاستیکی فڕێدراوی سەر شەقامەکانە. ئەو دەڵێت، بەهۆی ئەم بڕیارەوە کارەکەی رووی لە کزی کردووە و ئێستا کەس ئامادە نییە بارە کارتۆنەکەی لێ بکڕێتەوە.
سامر بە رووداوی گوت "رۆژێک نا رۆژێک بارێک دەکەم، ئەو بارەی پێمە 20 بۆ 18 هەزار دینار دەکات، واتا رۆژانەکەم دێتە سەر هەشت بۆ نۆ هەزار دینار."
کێشەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەو کارگە و شوێنانەی پێشتر کارتۆنیان لە کاسبکاران وەردەگرت، ئێستا بەهۆی رێگریی بازگەکانەوە ناتوانن بەرهەمەکانیان هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن.
محەممەد عەلی، یەکێک لە خاوەن کارگەکان، دەڵێت، "پارەمان پێ نەماوە، بۆیە بە ناچاری کارمان راگرتووە و چاوەڕێی رەحمەتی خوداین. ئەگەر رێگە بکەنەوە، دەتوانین بیفرۆشین و دووبارە بیکڕینەوە، بەڵام ئەگەر وانەبێت، دەبێت کرێکارەکانیش بنێرینەوە و دایبخەین."
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە کردنەوەی کارگەیەکی نوێی ریسایکلینە لە پارێزگای کەربەلا. خاوەن کارگەکانی کەرکووک دەڵێن، حکومەتی عێراق دەیەوێت ناچاریان بکات بەرهەمەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم بەو کارگەیە بفرۆشن.
ئەحمەد ئەنمار، خاوەن کارگەیەکی دیکە، باس لەوە دەکات کە کارگەکەی کەربەلا بۆ هەر تۆنێک کارتۆن تەنیا 150 هەزار دیناریان پێدەدات و بەشێکی کەمیشی وەک پێشەکی دەدات، ئەمەش وایکردووە لەبری قازانج، تووشی زیانێکی گەورە ببن.
بڕیاری راگرتنی هەناردەی کارتۆن لەسەر بنەمای نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، کە ئاراستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کراوە بۆ رێگریکردن لە تێپەڕبوونی باری کارتۆن لە بازگەکانی "دارەمان" و "چیمەن".

.jpg&w=3840&q=75)
