رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقی کرد. مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە بابەتە باسکراوەکان. ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێ، وەزیری دارایی رایگەیاند، مووچە دەنێرن، بەڵام سێ ئاستەنگی سەرەکییان لەبەردەمە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی باسی لە سێ ئاستەنگ کرد کە بوونەتەهۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش:
یەکەم: گرفتی کەمیی پارەی کاش (نەختینە)؛ وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا تەنیا نیوەی پارەی پێویست بۆ مووچەیان کۆکردووەتەوە و سەرقاڵی دابینکردنی نیوەکەی دیکەن.
دووەم: بابەتی داهاتی نانەوتی؛ هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بڕی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی رادەستی بەغدا نەکردووە.
سێیەم: گوشاری یاسایی و پەرلەمانی؛ عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەت کردووە و تێیدا پرسیاری کردووە: "چۆن بێ پابەندبوونی هەرێمی کوردستان مووچە رەوانە دەکەن؟" وەزارەتیش سەرقاڵی وەڵامدانەوەی ئەو نووسراوەیە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، هەرچەندە وەزیری دارایی دووپاتی کردەوە کە مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ ناردنی پارەکە رانەگەیاند.
ئەوە لەکاتێکدایە، عێراق مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی خۆی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی عێراق تیشکی خستە سەر دۆخی دارایی ئێستا و ئەو رێکارانەی وەزارەتەکەی گرتوونیەتیەبەر بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکان، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی بە مەبەستی زامنکردنی بەردەوامیی دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا شرۆڤەیەکی ورد بۆ دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق کرا و جەخت لەسەر دەرکردنی ئەو یاسایانە کرایەوە کە سەقامگیریی ئابووری مسۆگەر دەکەن. وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی وەزارەتەکەی بریتییە لە ئەلیکترۆنیکردنی سێکتەرەکانی وەزارەت و گۆڕینی سیستمی بودجە لە (بودجەی بڕگەکان)ـەوە بۆ (بودجەی بەرنامە و ئەنجام).
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دارایی عێراق پلانی وەزارەتەکەی بۆ دانەوەی قەرزە گشتییەکانی خستەڕوو، ئەوەش لە رێگەی رێکخستنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بانکانەی سەر بە وەزارەتی دارایین، بە جۆرێک ببێتەهۆی کەمکردنەوەی بارگرانیی قەرزەکان و بەهێزکردنی گەنجینەی دەوڵەت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کاراکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کرا بۆ بەرزکردنەوەی کارایی گومرگەکان و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەگەری هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک و دامەزراندنی (هەژماری گەشەپێدان) و (هەژماری وزە) بۆ پشتیوانیی دارایی وڵات.
.jpg&w=3840&q=75)
