رووداو دیجیتاڵ
نرخی سەوزە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی؛ کیلۆیەک تەماتە 250 دینارە، کیلۆیەک شووتی، خەیار و باینجان لە عەلوەکان لە 150 دینارەوە دەستپێدەکەن. بەرپرسانی عەلوەکان دەڵێن، نزیکەی 100%ـی سەوزەکان بوون بە بەرهەمی خۆماڵی و رۆژانە زیاتر لە 5 هەزار تۆنی هەناردە دەکەن.
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگیی کشتوکاڵی لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی زۆریی بەرهەمەوە، ئێستا 100%ـی بەرهەمی سەوزەی عەلوەکانی هەولێر خۆماڵییە".
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی زۆریی بەرهەمی سەوزەی خۆماڵی، نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و هەرزان بوون".
حاجی عەتا محەممەد، گوتەبێژی عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە عەلوەی سلێمانی نزیکەی 95%ـی سەوزەکان بوون بە بەرهەمی خۆماڵی، جگە لە یەک دوو سەوزەی وەکو بڕوکلی، ئەوانی دیکە هەموو خۆماڵین".
بەگوێرەی عەلوەی هەولێر بۆ رووداو، نرخی سەوزە ئەمڕۆ بە کۆ لە عەلوەی هەولێر بەمشیوەیەیە:
تەماتە کیلۆی 250 بۆ 400 دینار – خەیار کیلۆی 150 بۆ 400 دینار – باینجان کیلۆی 150 بۆ 300 دینار – بیبەر کیلۆیەک 250 بۆ 500 دینار – کوولەکە کیلۆی 250 بۆ 450 دینار – پەتاتە کیلۆی 300 بۆ 650 دینار – کیلۆیەک پیاز 300 دینار – کیلۆیەک بامێ 1500 بۆ 2500 دینار – کیلۆیەک گێزەر 350 بۆ 650 دینار – کیلۆیەک چەوەندەر 250 بۆ 400 دینار – کیلۆیەک قەڕنابیت 450 بۆ 800 دینار – کیلۆیەک کاڵەک 300 بۆ 600 دینار – کیلۆیەک شووتی لە 175 دینار بۆ 500 دینارە.
رۆژانە پێنج هەزار تۆن سەوزە هەناردە دەکرێ
بەهۆی زۆریی بەرهەمی سەوزەوە، رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار تۆن لە بەرهەمی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێ.
بەگوێرەی عەلوەکان بۆ رووداو، رۆژانە لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی چوار هەزار تۆن، عەلوەکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 600 تۆن و لە عەلوەی دهۆکیش نزیکەی 400 تۆن بەرهەمی سەوزە و بەشێکی میوەکان هەناردە دەکرێ.



