رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام بڕیاری قەدەخەکردنی کۆکردنەوەی بنێشتی لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکرد و رایگەیاند، دارەبەنەکان پێویستیان بە "حەسانەوە" هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026، باسم خان محەمەدیان، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "دوای ئەوەی ژینگەپارێزان ناڕەزاییان بەرامبەر بە بڕیاری رێگە پێدان بە کۆکردنەوەی بنێشت دەربڕی، کۆکردنەوەی بنێشت قەدەخە کرا."
باسم خان محەمەدیان گوتی، "پێویستە لە نێوان کۆکردنەوەی بنێشت چوار ساڵ هەبێت بۆ ئەوەی دارەکان پشوو بدەن، بەڵام ساڵانی رابردوو ئەوە لەبەر چاو نەگیراوە."
هەفتەی رابردوو، کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ، چالاکڤانی ژینگە، توێژەران و ژینگەپارێزان لە ئیلام نیگەرانی خۆیان لە پێدانی مۆڵەتی کۆکردنەوەی بنێشت لە دارستانەکانی ئیلام دەربڕی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژینگە ناویان برد.
ژینگەپارێزان لە راگەیندراوێکدا رایانگەیاند، دارستانەکانی زاگرۆس بەهۆی وشکەساڵی، ئاگرکەوتنەوە و گۆڕانی کەشوهەوا زۆر بێ هێز بوون و هەر جۆرە بەرهەمهێنان و بریندارکردنی دارەبەنەکان بۆ دەرهێنانی بنێشیت دەبێتە هۆی لاوازبوون و تووشبوون بە نەخۆشی و وشکبوونی یەکجاری دارەکان و لەناوچوونی ئەم سیستەمە ژینگەیە گرنگە.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا، لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا، دەستپێکی گرتن و بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردییە، کە لە داری قەزوان دەگیرێت و دارەبەنیشی پێدەگوترێت و لە بەهاراندا قەزوان دەگرێت و لە هاوینانیشدا بنێشتی لێ دەگیرێت.



