رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیارێکی حکومەت بۆ رێگەدان بە هاوردەکردنی بەنزین، بەنزینی عێراقی گەیشتە هەولێر. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت نرخی بەنزینی عێراقیی بۆ 950 دینار و بەنزینی ناوخۆش بۆ هەزار دینار دادەبەزێت. قایمقامی سلێمانیش دەڵێت، هەر کەسێک بەنزین هاوردە بکات هاوکاری دەکەن.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە. رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخەکەی دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە هەزار و 50 دینار.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، 04ـی حوزەیرانی 2026 دەقی نووسراوێکی بڵاوکردەوە، کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش - هەولێر و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ ئەوەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بدرێ.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنزینی بێجی، کە لە پشکنینی هەرێمی کوردستان دەردەچێت گەیشتە بازاڕەکان و نرخی بەنزین کەمێک دابەزیوە".
جەنگی مەجید گوتی: "لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بێجی ئەمڕۆ بە کۆ 900 دینارە، کۆمپانیاکانی نێوخۆش بەنزینی نۆرماڵیان دابەزاند، بە کۆ لیتری بە 930 دینار دەفرۆشن".
ئێستا کە لیترێک بەنزین لە بەنزینخانەکان هەزار و 175 دینارە، بە کۆ لیتری هەزار بۆ هەزار و 50 دینار بوو. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "کەمێک کاتی دەوێ کە ئەو بەنزینەی هەیە لە بەنزینخانەکان تەواو ببێت و بەنزینی نوێ بکڕن، ئەوکاتە لە هەموو بەنزینخانەکان بەنزین دادبەزێت".
بەگوتەی جەنگی مەجید، هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی نوێ بکڕێ، لیترێک بەنزینی بێجی بۆ 950 دینار و بەنزینی پاڵاوگەکانی نێوخۆش بۆ هەزار دینار دادەبەزێت.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر بازرگانێک بیەوێ بەنزین هاوردە بکات بەگوێرەی نووسراوەکەی حکومەت، ئێمە هەموو ئاسانکارییەکی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی نرخەکەی دابەزێت".
هەروەها بەرپرسێک لە نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی بەنزین هاوردە دەکەن، دەبێت مۆڵەت وەربگرن، بەڵام بەهۆی هەبوونی بەنزینی پێشتر لە بازاڕ، دابەزینی نرخ کەمێک کاتی دەوێت".
لە هەرێمی کوردستان بۆ هاوسەنگیی نرخ، حکومەت بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکات، کە لیترێک نۆرماڵ بە 750 دینارە، بەڵام شوفێران دەبێت نۆرەی بۆ بگرن، کە هەندێکجار زیاتر لە سێ کاژێر نۆرە دەگرن تاوەکو بەنزینیان بەردەکەوێت.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، بەنزینی بازرگانیی موحەسەن و سوپەر لە هەرێمی کوردستان هەن؛ نرخی لیترێکیان لە هەزار و 300 دینارەوە دەستپێدەکات.



.jpg&w=3840&q=75)