رووداو دیجیتاڵ
وەرزی هاوین لە چین تەنیا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما نییە، بەڵکو دەستپێکی ململانێیەکی جیدییە بۆ پاراستنی جوانی و تەندروستیی پێست. ئەوەی وەکو خولیایەکی ژنانە بۆ "سپیمانەوە" دەردەکەوێت، ئێستا بووەتە پیشەسازییەکی گەورەی پۆشاک ساڵانە 13 ملیار دۆلار دەخاتە نێو ئابووریی وڵاتەکەوە.
رۆژانی هاوین و گەرما لە چین ترسێکی گەورەی خستووەتە دڵی ژنانەوە, ئەوان هەموو کارێک دەکەن تاوەکو رەنگی دەموچاویان نەگۆڕێت و نەسووتێن. تیشکی خۆر ئەوەندە بەرزە بە دوژمنی یەکەمی ناسکی و جوانیی پێستی ژنان دادەنرێت.
لیانگ چاو، پارێزەرە و رۆژانە بەریەککەوتنی لەگەڵ تیشکی خۆر هەیە، لەبارەی گرنگیی پاراستنی پێستی بە رووداوی گوت: "من زۆر گرنگی بە رەنگی پێست و جوانیی خۆم دەدەم، بۆیە پێش ماکیاژ دژەخۆر بەکاردەهێنم و بۆ دەست و قاچەکانیشم هەر وایە. ئەم جەترەشم هەمیشە لایە، چونکە تیشکی سەروو بنەوشەیی پەڵەی رەش دروست دەکات و نامەوێت جوانییەکەم لەدەست بدەم."
زانست لە پشت داپۆشینی جەستەوەیە ئەم خولیایەی چینییەکان تەنیا بۆ جوانی نییە، بەڵکو رەهەندێکی زانستیشی هەیە. زۆربەیان پێیان وایە داپۆشینی جەستە بە پۆشاکی تایبەت، زۆر کاریگەرترە لە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان.
شیاو لین،کارمەندی بۆرسەیە، ئاماژە بەوە دەکات تەنیا کرێمەکان بەس نین و دەڵێت: "بەپێی ئەو راپۆرتە زانستییانەی خوێندوومەتەوە، دژەخۆر و کرێمی شێدارکەرەوە زۆر گرنگن، بەڵام خۆپاراستنی فیزیکی بۆ دەمووچاو کاریگەرترە لە بەرهەمەکانی دیکە. من گرنگی بەو جۆرە پۆشاکانە دەدەم کە رێگە دەدەن پێست هەناسە بدات و لە هەمان کاتدا لە تیشکی خۆر بمانپارێزێت."
فاشن و بازاڕێکی 13 ملیار دۆلاری ئەم بایەخپێدانە زۆرە، بازاڕی چین و جیهانیشی گۆڕیوە. ئێستا چینییەکان پۆشاکی جیاواز و تایبەت بۆ خۆپارێزی لە خۆر دەپۆشن، ئەمەش وایکردووە کە زۆربەی براندە ناودارەکان، بەشی جلی تایبەتی "دژەخۆر" بەرهەم بهێنن.ئێستا چەندین براندی نوێ دروستبوونە کە تەنیا کاریان بەرهەمهێنانی جلی دژە تیشکی خۆرە و سەرمایەکەیان بە ملیارەها دۆلار هەژمار دەکرێت.
لیو دان، کارمەندی کۆمپانیایەکی دیکۆراتە، باس لەوە دەکات کە بۆچی پۆشاک لە کرێم باشترە: "من حەزم لە دژەخۆری شلە و غاز نییە، چونکە ماددەی پارێزەریان تێدایە و لە داهاتوودا زیان بە ناوەوەی جەستە دەگەیەنن. بۆیە من جلی دژەخۆر و قۆڵی تەنک بەکاردەهێنم، ئەوە زۆر سەلامەتترە و هەمان کاریگەریشی هەیە."
لە چین، خۆپاراستن لە خۆر تەنیا رێگری کردن نییە لە "رەشبوونی پێست"، بەڵکو کلتوورێکە تێیدا تەندروستی، جوانی و بزنسێکی 13 ملیار دۆلاری تێکهەڵکێش کراون.
.jpg&w=3840&q=75)

